چالاکێکی ژن لە پیرانشار ١٥ ڕۆژە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە

چالاکێکی ژن لە پیرانشار ١٥ ڕۆژە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە


پەیامی کورد... چالاکێکی ژن لە پیرانشار ١٥ ڕۆژە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

دوای تێپەڕینی دوو حەوتوو بەسەر ڕفاندنی مەعسوومە هوژەبری تەمەن ٣١ ساڵ و چالاکی مافی ژنان و خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس یاخود ناوەندی بەرپرسیار لە دەستبەسەرکردنی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بنەماڵە و هاوژینی مەعسوومە هوژەبری چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و ئورمیەیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان لەبارە چارەنووسی ئەم چالاکە ژنە پێنەدراوەتەوە و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.

مەعسوومە هەژبری ڕۆژی هەینی، ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بە بەکارهێنانی توندوتیژی و کوتان و لێدان ناوبراویان دەستبەسەرکراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە ڕفاندنی مەعسوومە هوژەبری لەدوای ئامادەبوونی ناوبراو لە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شاری پیرانشار بە پلاکاردێکی پشتیوانی لە مافەکانی ژنان و ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوژرانی ژینا ئەمینی بووە، کە لە وێنە و فیلمەکاندا دەردەکەوێت لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لێ کراوە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە