"لە ھەولێر ئامادەکاری بۆ ھاتنی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت"

"لە ھەولێر ئامادەکاری بۆ ھاتنی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت"

 پەیامی کورد  -  بەرپرسێکی پارێزگای ھەولێر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دەزگا پەیوەندارەکان ڕادەسپێردرێن بۆ ئامادەکاری بۆ ھاتنی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و دەشڵێ، ئێستا ١٣٠ ھەزار ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان لە ھەولێر نیشتەجێن و ژمارەیەکی زۆریش تۆمار نەکراون.

 

ڤیان ڕەشید، بەرپرسی نووسینگەی قەیرانەکانی دیوانی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ئیدارەی پارێزگای ھەولێر لەبارەی پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە کۆ دەبێتەوە و ھەموو ڕێوشوێنێک بۆ پێشوازیکردن و حەواندنەوەی ئاوارەکان دەگرینەبەر، چونکە بە ئەرکێکی مرۆییی پیرۆزی دەزانین."

 

ئەو بەرپرسەی پارێزگای ھەولێر دەشڵێت: "ھەر ئاوارەیەک ڕوو لە سنووری پارێزگا بکات ئەوە بێگومان پێداویستیی فریاکەوتنی بۆ دابین دەکرێت، ھەرچەندە کەمپی ئامادەمان نییە، چونکە ئاوارەی تێدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەی پێشوازیکردنین."

 

ڤیان ڕەشید ڕوونی کردەوە: "ھەرێمی کوردستان چ لە کاتی تێکچوونی ڕەوشی سووریا و چ لە کاتی ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ئەمنیی عێراقدا پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ خەڵکی دەربەدەر، ئێستا  ١٣٠ ھەزار ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان، کە ساڵانی پێشوو ڕوویان لە ھەولێر کردبوو، لێرە نیشتەجێن."

لای خۆیشییەوە حەمزە ڕەزیکی، گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دھۆک چوار تیمی فریاکەوتنی لە خاڵی سنووریی پێشابیر جێگیر کردووە، ئەوەش بە مەبەستی پێشوازیکرن لە بریندارانی سڤیلی ڕۆژئاوای کوردستان و پێشتریش تیمی فریاکەوتن ڕەوانەی سەر سنوور کراون."

گوتەبێژی تەندروستیی دھۆک گوتیشی: "نەخۆشخانەکانی دھۆک ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە بریندارانی ڕۆژئاوای کوردستان و لە ڕووی دابینکردنی پزیشک و دەرمانی پێویست و کارمەندانی فریاگوزارەوە ڕێوشوێنی پێویستمان گرتووتە بەر."


ڕەزیکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەگەرچی ھێشتا ھیچ بریندارێک لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە نەگەیشتووەتە سنووری ھەرێمی کوردستان، بەڵام ھەر بریندارێک بگوازرێتەوە، ئەوە لە لایەن تیمی فریاکەوتنەوە بەپەلە دەگەیەندرێتە نەخۆشنانەکانی دھۆک و چارەسەری بۆ دەکرێت."

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە