لە ووڵامی هەڕەشەی شاناز ئیبراهیم : لێ لێ خان هێشتا لۆلۆ ماوە !!!

لە ووڵامی هەڕەشەی شاناز ئیبراهیم : لێ لێ خان هێشتا لۆلۆ ماوە !!!

سەنگەر عه‌بدولسه‌مه‌د كارگێڕی مەڵبەندی سێی یەكێتی سه‌ر به‌باڵی كۆسره‌ت ڕەسوڵ لە هەولێر لە وتارێكدا بەناونیشانی "لێ لێ خان، بەڵێ هێشتا لۆ لۆ ماوە"، بە توندی وەڵامی شاناز ئیبراهیم خوشكی کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی داوەتەوە، دوای ئەوەی شاناز لە وتارێكدا هێرشی كردبووە سەر كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی و شاڵاو كۆسرەت بەرپرسی نوێی مەڵبەندی سێ.

ئەمڕۆ سێشەممە شاناز ئیبراهیم کە سەر بە باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتیە، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی بە پشتیوانیکردنی بەرهەم ساڵح تۆمەتبار كردبوو، بەرپرسی تازە دانراوی مەڵبەندی هەولێری حزبەکەشی بە "بەستەزمانێکی پاڵپشتی سەرخستنی هاودید" ناو هێنابوو.

سەنگەر عەبدولسەمەد سه‌ر به‌ باڵی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ لە وتارەكەیدا نووسیویەتی "خاتوونی لێ لێ، بەڕاستی بێ گومانم ئەزانم کە ناتوانی بێ دەنگ بێ بەرامبەر هەر بڕیار و کارێکی باشی لەم جۆرە، کاتێک گەنجێکی لێهاتوو، بە توانا و خزمەتکار بۆ شار و خاك و وڵاتەکەی، بەرپرسیارییەتی قەڵا و منارە لە ئەستۆ دەگرێ، حەتمەن خەڵکانێک کە خاوەنی گرێیەکی دەروونی بن وەک ئێوە بەستەزمان ئاسا، ناتوانن بێ دەنگ بن و قەیسەریتان لێ تاڵ و تاریک دەبێ".

دەشنووسێ "زۆر ئاساییە دەنگی نەشازتان ئۆقرەی لێ بڕیون و ڕۆژی ڕووناک بە شەوی تاریک دەبینن...، بڕیارەکانی ئێستە بڕیارن لە شوێنی خۆی و بڕیارن بەپێی دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتیی یەكێتی... ئەو بڕیارەی تۆ و هاوشێوەکانتی خستووەتە پەلە قاژە، ئەوە لەسەر داوا و پێشنیازی مەکتەبی ڕێکخستن بووە، هەر چەند نامەوێ بڵێم بۆچی لەبەر چی تا ئێستە تەنها بۆ جارێکیش وشەیەکت لەسەر داوا و بڕیارەکانی مەکتەبی ڕێکخستن نەبووە، کە هەندێک جار جێگەی ڕەخنە و پرسیاری زۆرن".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (قوربان جارێ لە کوێمانە؟؟؟)، ئاماژەی بە بڕیارەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ بۆ دانانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ بە بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی کردبوو و گوتبووی "ئه‌و بڕیاره‌ (لێ لێ)یه‌ و هێشتا (لۆ لۆ)مان مایه‌…”. ئەوەشی نووسیبوو "ناتوانم بڵێم که‌ سه‌رم له‌و بڕیاره‌ سووڕ ما، چونکه‌ ده‌زانم که‌ ناوه‌ندی بڕیار تاوه‌کو ئێستە هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ته‌کتیک و ته‌کنیک و پلانێکی تری ئه‌و گرووپه‌یه‌ بۆ بێزارکردنی جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی و به‌ حیسابی خۆیان بۆ ده‌ست گرتن به‌سه‌ر یه‌کێتیدا".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە