پەیامی کورد ... بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەێندراوێكی فەرمیدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی یاسای چاكسازی بڵاوكردەوە و تیایدا جەختی كردەوە، بەشداریكردنیان لە حكومەت لە سەر بنەمای رێككەوتن بووە بۆ سەرپێخستنی پرۆسەی چاكسازی.
لە راگەێندراوەكەدا كە میدیای فەرمی بزووتنەوەكە بڵاویكردووەتەوە هاتووە، " لە کلتووری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕاندا، پەیڕەوكردنی چاكسازییەكی گشتگیر لەهەرێمی كوردستان، ئەولەویەتی سیاسی و ئامانجی ژمارە یەكی خەباتی سیاسی بوە، وەپێشمان وایە چاكسازی، پێویستیەكی لەپێشینەی ئەزموونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستانە"
ڕاشیگەیاندووە، " بەشداریكردنی گۆڕانیش لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت؛ لەسەر بنەمای رێككەوتن بوە بۆ سەرپێخستنی پرۆسەی چاكسازی، بەتایبەت پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بە پەیڕەوكردنی پڕەنسیپەكانی حوكمڕانی باش، شەفافیەت و لێپرسینەوە و هاوبەشی راستەقینە، هاوكاتیش ڕەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ هەموان و بە دامەزراوەیی و نیشتمانیكردنی دامودەزگاكانی هەرێم و رێگری لە قۆرخكاری و بەتاڵانبردنی داهاتی ووڵات".
بزووتنەوەی گۆڕان پەسەندكردنی یاساكەش بە سەرەتایەكی باشی پرۆسەی چاكسازی دەزانێت و بە پێویستیشی دەزانێت هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ چاكسازی لە سەرجەم سێكتەر و بوارەكانی دیكەش، لە سەرووی هەمویانەوە خاڵە سنووریەكان و دۆسیەی نەوت و وەبەرهێنان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە