پەیامی کورد ... لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ٣٥ هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان لەڕێگای ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە
لەماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٣٤ هەزار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان داوای مافی پەنابەرێتیان لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە و ٣٥ کەسیش لە رێگای چوون بۆ ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە.
لە رۆژی جیهانی کۆچبەراندا، ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی ئەو ئامارانەی دەست ئێمە کەوتوون، لە ماوەی ئەمساڵدا ٣٤ هەزار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان کە تەمەنیان سەروی ١٨ ساڵە، داوای مافی پەنابەڕێتیان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی دەقیق و وردی ئەو کەسانەی لەو ماوەیەدا لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا زۆر زیاترە لەو ئامارەی کە لەلایەن دەزگای لوتکەوە بڵاودەکرێتەوە، چونکە ئامارەکان پاش نزیکەی سێ مانگ دەگاتە دەستی ئەوان.
راشیگەیاند، بەراورد بە ساڵانی رابردوو و بەهۆی نەبوونی هەلی کار و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، لەمساڵدا کۆچی گەنجان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە ماوەی ئەمساڵدا ٣٥ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لە رووداوی جۆراوجۆر لە رێگای چوون بە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە کە تەرمی ١٨ کەسیان دۆزراوەتەوە و دەزگای لوتکەش توانیویەتی تەرمی ١٦ کەسیان بگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان و رادەستی کەسوکاریان بکاتەوە.
سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران راشیگەیاند، "ئاشکرایە کە دەزگاکەمان توانای ماددی نییە بۆ گەڕاندنەوی تەرمی ئەو کەسانەی کە لە رێگای ئەوروپادا گیان لەدەستدەدەن و بۆ ئەو مەبەستەش دوای هاوکاری لە حکومەت و بەرپرسانی هەرێم دەکەین".
وتیشی، "بەداخەوە لەم کابینەیەی ئێستای حکومەتی هەرێمدا هیچ هاوکارییەک نەکراوین بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو کەسانە و لە ئێستادا تەنها هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بەتایبەتیش لاهور شیخ جەنگی هاوکارن بۆ ئەو مەبەستە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە