پەیامی کورد... لەساڵێکدا ٣٥ چالاکی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای مارسی ٢٠٢١ هەتا مارسی ٢٠٢٢، لانی کەم ٣٥ چالاکی ژنی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و هەر لەو ماوەدا ١٢ چالاکی ژنی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆی ئەو ٣٥ چالاکە ژنە کە لەو یەکساڵەدا دەستبەسەر کراون ٢ کەسیان خوێندکاری زانکۆ و ٥ کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە.
هەروەها، زیاترین چالاکی ژن لە پارێزگای سنە دەستبەسەر کراون کە ١٩ حاڵەت بووە و ٢٦ حاڵەتی دەستبەسەرکرانەکان کە دەکاتە ٧٤٪ی کۆی دەستبەسەرکراوەکان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکومەت دەستبەسەر کراون.
هەروەها، لانی کەم ١٢ چالاکی ژنی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٢٤ ساڵ و ٧ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران و هەروەها ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپاوە.
لەو ژمارەیە ١٠ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و دوو کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە و زیاترین چالاکی ژن بە ٤ حاڵەت لە پارێزگای سنە سزایان بە سەردا سەپاوە.
هەروەها یەکێک لەو چالاکانە کە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپاوە بە ناوی ڕۆیا مەحیەدینی خەڵکی پاوە تەمەنی ١٨ ساڵ بووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە