لە سەر ڕاسپارەی مەسروور بارزانی دوای ٢٠ ساڵ لە شارەوانی هەولێر بڕیارێکی گرینگ جێبەجێ دەکرێت

لە سەر ڕاسپارەی مەسروور بارزانی دوای ٢٠ ساڵ لە شارەوانی هەولێر بڕیارێکی گرینگ جێبەجێ دەکرێت

پەیامی کورد      ...   لە سەر ڕاسپارەی مەسروور بارزانی دوای ٢٠ ساڵ لە شارەوانی هەولێر بڕیارێکی گرینگ جێبەجێ دەکرێت 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ پێنجشەممە كاراكردنەوە و دەستبەكاربوونی ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێری بە ستافێكی نوێیەوە ڕاگەیاند.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا كاراكردنەوە و دەستبەكاربوونی ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێری بە ستافێكی نوێ راگەیاند، كە ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە ٢١ كەسن و بۆ یەكەم جاریشە پشكی رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان لە ئەنجوومەنی شارەوانییەكاندا بەرێژەی %٣٠ دیاری كراوە. 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، "ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر لە بەرپرسانی یەکەمی فەرمانگەکانی شاری هەولێر پێکهاتوە کە ڕۆژانە خزمەتی شاری هەولێر دەکەن، یەکەمین جاریشە لەسە ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم نوێنەرانی رێکخراوە پیشەیی و جەماوەری و سەندیکا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نوێنەریان لەو ئەنجوومەنەدا دەبێت، لە دوای نەگۆڕانی ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر بۆ ماوەی نزیکەی نزیکەی ٢٠ ساڵ، ئەوە وەرچەرخان و هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و رێکخستن و پلاندانانی کاری باش لەپێناو خەڵکی پایتەختی هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێكهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنە كۆنەكە، ئەركێكی قورس بو، پێشتر لە كابینەی هەشتەمی حكوومەت پەیڕەوێك بۆ دروستكردنەوەی ئەنجوومەنی شارەوانی دانرا، بەڵام بەداخەوە نەتواندرا بخرێتە بواری كاركردنەوە.

ساسان عەونی ووتیشی، "لەگەڵ دەستبەكاربوونمان لە كابینەی نۆیەمدا ئێمە ئەو ئەركانەی كە بە پێویستمان زانی بیكەین وەك چاكسازی لە حكوومەتی هەرێم بەتایبەتی لە سێكتەری شارەوانی، پێكهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان و تەعریفكردنەوەی ئەو پەیڕەوە بو كە داندرابوو، دوای دیراسەتكردنی لایەنە یاساییەكانی و چاكسازیكردن لەو كەموكوڕییانەی پەیڕەوەكە هەیبوون، تواندرا لە چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیراندا گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و دواتر بڕیاری لەسەر درا، ئەوەی جێی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ بەرهەمەكەی دەبینین".

ئەوەشی خستوڕوو، "هەوڵماندا لە داڕشتنەوەی ئەم ئەنجوومەنە نوێیە، ئەنجوومەنێكی پڕۆفێشناڵ و خزمەتگوزار بێت، لەو كەسانە پێكدێت رۆژانە سەرووكاریان لەگەڵ خەمەكان و خزمەتگوزارییەكانی شاردا هەیە، كە مەبەستمان لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستانیشە، ئەنجوومەنەكە لەو كەسانە پێكهاتوە دەزانن كێشەكان چین و لە كوێن، بە تایبەتی لە هەولێری پایتەخت، وەك شارەوانی و كارەبا و وەبەرهێنان و هاتووچۆ و هەموو سێكتەرەكانی تر كە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە". 
سەبارەت بە بەشداری نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ئەنجوومەنەكە، ساسان عەونی رایگەیاند، ئەو ئەنجوومەنە یەكەمجارە نوێنەری رێخكراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی تێدایە، نوێنەرایەتی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پیشەییەكان دەكەن، ئەمەش دەستكەوتێكی گرنگە و جۆرێك لە پێكەوەیی لە نێوان دامودەزگا حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بە نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژەكان دەگەیەنێت، دەنگیان دەبێت و ئاگاداری بڕیارەكان دەبن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە