لە شاری سەقز چەندین پارچە کەلوپەل و شێوێنەواری مێژوویی دۆزرانەوە

لە شاری سەقز چەندین پارچە کەلوپەل و شێوێنەواری مێژوویی دۆزرانەوە

پەیامی کورد … لە شاری سەقز چەندین پارچە کەلوپەل و شێوێنەواری مێژوویی دۆزرانەوە

 

لە چەند هەفتەی ڕابردوو لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی ئامادەکاری بۆ کارکردن لەسەر پارچە زەوییەکی تایبەت چەندین پارچە کەلوپەل و شوێنەواری کۆن دەرکەوتوون.

 

بەوسەی بەرپرسانی شوێنەوارناسی ئەو شارە، کاری هەڵکۆڵینی شوێنەواری بۆ ئەم ناوچە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کولتوور و فەرهەنگی شاری سەقزەوە جێبەجێ دەکرێت و بێجگە لە بینینی پاشماوەی گڵینە و فەخفووری، لە کاتی کار کردندا چەندین پارچە ئێسک و پرووسکی مرۆڤیش دەرکەوتووە کە ئەمەش وا دەکات کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری بۆ ئەم ناوچەیە رەنگ و قۆناغی نوێ بە خۆیەوە بگریت کە ئەویش کارکردن بۆ ناسین و دیاریکردنی جۆر و رەگەز و تەمەنی ئەو ئێسکە پەیکەرانەیە کە لەوێ دۆزراونەتەوە.

 

بە گوتەی سەرچاوە میدیاییەکانی شاری سەقز ئەمە یەکەمجار نییە لەم شارە و بە تایبەتی لە نزیک ئەم پارچە زەوییە پارچە و بەڵگەی شوێنەواری دەربکەوێت، بەڵکوو لە ئەپریلی ساڵی ٢٠١٩ لە شوێنێکی دیکەی ئەم شارە بەناوی "قەڵای کۆشکەڵە" کە زۆر نزیکیشە لەم ناوچە شوێنەوارییەی ئێستا، چەندین پارچە و بەڵگەی شوێنەواری دەرکەوتووە کە بەڕێوەبەرایەتیی کولتوور و فەرهەنگی سەقز کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری بۆ کردووە.

 

بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان، سەنتەر یان پایتەختی دەسەڵاتداری مانناییەکان کە یەکێک بوون لە دەسەڵاتە کۆنە کوردییەکان، لە دەوروبەری شاری سەقز بووە.

 

هەروەها لە نزیکی ئەم شارە، چەندین شوێنی مێژوویی و شوێنەواری وەک ئەشکەوتی کەرەفتوو، قەڵای زێویە و گۆڕە بەردینەکانی قەپڵانتوو هەیە کە ئەمانە نیشانەی دێرینی و مێژووی کۆنی کوردستان و بەتایبەتی ناوچەی سەقزن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە