پەیامی کورد... لە کۆی ٧٧٦ کیلۆمەتر چوارگۆشە، ٢٢٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی هەرێمی کوردستان مینی تێدا ماوە
لە قەزای دووکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، جبار موستەفا و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی، موحسین شێخ عەبدولکەریم ٣١٣ مین و پاشماوەی جەنگ بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو تەقێندرایەوە و لەناوبران، کە لەلایەن تیمەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگای کاروباری مین لە سلێمانی هەڵگیرابوونەوە.
ئەو مین و تەقەمەنییانەی لەناوبران، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن تیمەکانی EOD و تیمی مینلابەری سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی لە کێڵگەی مینی قەرەسرت لە قەزای دووکان لە کەمتر لەو ماوەیەی بۆیان دیاری کرابوو، هەڵگیراونەتەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، جبار موستەفا باسی لەوە کرد کە "ئەم نموونانەی ئەمڕۆ لە پرۆسەیەکی سەرکەوتوودا لەسەر دەستی قارەمانانی تیمی EODی چارەسەرکرا و تەقێندرایەوە، بریتی بوو لە ٣٣١ مین و پاشماوەی جەنگی کە لەلایەن تیمەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی چارەسەری بۆ کرا".
وتیشی: ''قەزای دووکان وەک هەر قەزا و ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی زۆری بە مین و پاشماوەکانی جەنگ پیس بووە. لە قەزای دووکان ١٦ کیلۆمەتر چوارگۆشە بە مین و پاشماوەکانی جەنگ پیس بووە. لە ماوەی ڕابردووشدا تیمەکان توانیویانە ١٠،٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەی پاک بکەنەوە و ئێستا تەنیا ٥،٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە لەم سنوورە ماوە پاکبکرێتەوە''.
جەبار موستەفا باسی لەوە کرد کە ئەو ٥،٥ کیلۆمەترەی ماوە بەپێی پلانی دەزگا و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی پاکدەکرێتەوە و، پێشەنەی کاریش دەدرێت بەو ناوچانەی نزیک ئاوەدانین و ناوچەی نیشتەجێبوونن و مەترسین بۆسەر گیان و ژیانی هاووڵاتیان.
هەروەها سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە کێڵگەکانی مین لە قەزای دووکان بە گشتیی ئەو شوێنانەن کە مەترسیین بۆ سەر گیان و ژیانی هاووڵاتیان و هەندێکیان شوێنی ڕەز و باخ و لەوەڕگان کە هاووڵاتیان ناتوانن بەهۆی مین و پاشماوەکانی جەنگەوە سوودیان ڵێوەرگرن.
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، ئەوەیشی خستەڕوو کە هۆکاری بوونی مین لە هەرێمی کوردستان دوو هۆکارە، یەکێکیان جەنگی خوێناوی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانە کە بەشێکی زۆری خاکی هەرێمی کوردستان بە مین و پاشماوەکانی ئەو جەنگە پیس بووە. دووەمیان لەسەر دەستی حکوومەتەکانی عێراق لە پێش ساڵی ٢٠٠٣ دانراوە کە زۆربەیان مینی دژە کەسین و دژ بە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەو ناوچە و بەرزایی و چیاکان دانراوە بۆ ڕێگریکردن لە جووڵەی هێزەکانی پێشمەرگە.
جەبار موستەفا دەستخۆشی لە تیمی مینلابەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی و تیمەکانی EOD کرد کە توانیان هەموو ئەوانەی دۆزراونەتەوە بە سەرکەوتوویی و بێ زیان لەنباوبەرن و وتی: ''ئەو نموونانەی ٣١٣ مین و پاشماوەی جەنگیی بوون و لەو کێڵگە پیس بووە بە مین کە ڕووبەرەکەی ٥٨ مەتر دووجا بوو پاککرایەوە و لە پرۆسەیەکی سەرکەوتوودا لە ناوبرا، واتە ٣١٣ ڕووداوی نەخوازراو و کارەساتی جەرگبڕ چارەسەرکرا''.
سەبارەت بە قوربانیانی مین لە سنووری قەزای دووکان، جەبار موستەفا رایگەیاند: '' تا ئێستا قوربانیانی مین لە سنوورەکە بریتییە لە ٤٠٠ کەس کە گیانلەدەستدان و برینداربوون و کەمئەندامبوون دەگرێتەوە''.
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد کە لە سنوورەکەدا تەنیا کار بە ئامێر دەکەن بۆ پاککردنەوەی کێڵگەکانی مین و ئەو تیمەی لێرە کار دەکات تیمی دەستین.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە