پەیامی کورد ... بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرای کرد، سەرکردایەتی سیاسی کورد لەسەر خەتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە و دەشڵێ، ئەمڕۆ یان سبەی مووچە خەرج دەکرێت.
د. فازل نەبی ڕایگەیاند: " لەڕووی یاساییەوە ھیچ بەھانەیەک بۆ ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە نییە، بەڵام بەغدا بەگوێرەی یاسای ئیدارەی ماڵی، خالی پێنجەم، لە بڕگەی ٢٧، ڕایگرتووە، کە ئەویش باس لە ڕاگرتنی مووچەی ھەرێمی کوردستان ناکات. بەگوێرەی ماددەی ١٣ی یاسای ئیدارەی ماڵی، ھەرکاتێک بوودجە پەسەند نەکرا، ئەوە یەک لەسەر دوازدەی ساڵی پێشتر خەرج دەکرێت."
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ووتی: "ژمارەیەک پەرلەمانتار سکاڵایان کردووە لەسەر ناردنی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان و لەسەر داوای ئەوان ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی بۆ ڕاگرتنی مووچە کردووە."
د. فازل نەبی جەختی کردەوە: "لە دوێنێوە ھەوڵێکی زۆر ھەیە بۆ خەرجکردنی ئەو ٤٥٣ ملیار دینارەی بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانە، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ، یان سبەی مووچە لە بەغداوە خەرج بکرێت، ھەتا وەزارەتی دارایی خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی پارەکە خەرج بکرێت."
نەبی ئەوەیشی ئاشکرا کرد: "سەرکردایەتی سیاسی کورد ھەموویان لە سەرخەتن بۆ خەرجکردنی مووچە، ھەتا ھەندێ نوێنەرایەتیی بیانیش ھاتوونەتە سەر خەت بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە