PeyamaKurd - خەزێنەداری ئەمریکا مووڵەتی دوو مانگە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران دەردەکات
پارە ئازادکراوەکانی ئێرانیش تەنیا بۆ کڕینی کاڵای ئەمریکی بەکاردێن
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند بە پشت بەستن بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، مووڵەتی فرۆشتنی نەوتی بۆ تاران دەرکردووە.
ئەم مووڵەتە گشتییە بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لەلایەن حکوومەتی ئێران ەوە لە ٢١ی مانگی شەشەوە بۆ ماوەی دوو مانگ و تا کۆتایی ٢١ی مانگی هەشتی ئەمساڵ کارا دەبێت.
بە پشت بەستن بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە هەفتەی ڕابردوو واژوو کرا، ئیدارەی ترامپ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر لێخۆش بوون بۆ فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران.
بەم شێوەیە ئێران لانیکەم دوو مانگی هەیە بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی و داهاتەکەشی لە بانکی ناوەندی ئێران وەردەگرێت.
ئەم مووڵەتە هاوردەکردنی نەوتی ئێرانیش بۆ ئەمریکا دەگرێتەوە. تەنها دوو ووڵات کۆریای باکوور و کوبا سوود لەم مووڵەتە وەرناگرن.
ھەروەھا جەی دی ڤەنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە هەر جۆرە ئازادکردنێکی داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە داهاتوودا، لەژێر چاوەدێرییەکی توونددا دەبێت و ئاراستەی ئەو کڕینانە دەکرێت هاوکات لە قازانجی جووتیارانی ئەمریکا و خەڵکی ئاسایی ئێران دا بن.
ڤەنس لە سوئیس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ چوارچێوەیەکی وای داناوە کە ڕێگری لە بەکارهێنانی ئەم پارانە بۆ دابین کردنی دارایی تێرۆریزم بکات.
بەپێی گەڵاڵەیەک کە لەگەڵ بەرپرسانی قەتەردا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، خەرج کردنی پارە ئازادکراوەکانی ئێران پێویستی بە ڕەزامەندی هاوکاتی ئەمریکا و قەتەر دەبێت و تەنیا بۆ کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک سۆیا، گەنمەشامی و گەنمی ئەمریکی بەکار دێت تا ڕادەستی خەڵکی ئێران بکرێت.
ڤەنس جەختی کردەوە کە ئەم پێکهاتەیە بە جۆرێک داڕێژراوە کە تەنیا خەڵکی مەدەنی سوودمەند بن، نەک ڕێژیمی ئێران یان هێزە نیابەتییەکانی.