پەیامی کورد... "سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەكرێتە بنەما بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك"
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: دەنگدراوە لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و بۆ یەكەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەكرێتە بنەما بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە میانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان درا و پەسەند كرا.
یەكێك لە ماددەكانی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بریتییە لە پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران و پشت بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەبەسترێت، هەروەها ژمارەیەك گۆڕانكارییەكی دیكەیش لە كەركووك ئەنجام دەدرێت.
لەوبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە "كاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگدان لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكان تەواو بوو، بەشێوەیەك تەواوی ئەو بەربەستانەی بەردەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لابران و بۆ یەكەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەكرێتە بنەما بۆ دەست نیشان كردنی ھاووڵاتییانی شارەكە و ھەروەھا سەرگەڕان كە دوای ٥٧ لكێنراوە بەكەركووكەوە، دیسان دەبنە بەشیك لە خەڵكی شارەكە و مافی دەنگدانیان دەبێت و بەناو زیاد كران بۆ پرۆژەكە، جگە لەوە ئەوەی ماددەی ١٤٠ كردووە یان تەنھا مامەڵەی پێشكەش كردووە و مافی دەنگ دانی ھەیە، ھەروەھا ئەوەی پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە كەركووك بووە نفوسی شارەكانی دەرەوەی كەركووك بووە و ٥٧ی كەركووكە و تەرحیل نەبووە، بەڵام بتاقەی كەركووكی ھەیە، دیسان مافی دەنگدانی ھەیە، سەرجەم ئەو ھاووڵاتییانەی ھێنراونەتە كەركووك و بەئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان رەش كراوەتەوە لادەبرین و مافی دەنگ دانیان نییە، لێرەوە سوپاسی سەرجەم ئەو فراكسیونانە دەكەم لە كورد و دەرەوەی كورد كە ھاوكار بوون لە دەنگدان بۆ ئەم پرۆژەیاسایە".
ھەروەھا ئاماژەی بەوەیشداوە كە بۆ یەكەمجارە لە پرسی دابەشكردنی پۆستەكان، رێژەی ٣٢ لەسەدا ھەڵگیراوە و ھاتووە "بەپێی یاسا، ئەو دەسەڵاتەمان لە سەرۆكوەزیران وەرگرتەوە كە بتوانیت ھەڵبژاردن لە پارێزگایەك دوا بخات كە خەڵكانیك ئامانجیان بوو".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە