ئەمرۆ سێشەممە 14_ی ئایار_ی 2024ئەنتۆنی بلینکن بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە کیێڤ و بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن مەبەست لە سەردانەکەی " گەیاندنی پەیامێکی بەهێزی دڵنیایی دانەوەیە " لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئۆکرانیا ڕووبەڕووی هێرشی بەهێزی سوپای ڕووسیا بوونەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا و چاوەڕێی گەیشتنی باری چەکە نوێیەکان دەکەن لەلایەن هاوپەیمانەکانییەوە.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا چڕتر کردەوە.
زێلێنسکی وتی لەگەڵ بلینکندا تاوتوێی وەرگرتنی یارمەتییە نوێیەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ ئۆکرانیا بە زووترین کات، هەروەها باس لە پتەوکردنی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا دەکات، ئۆکرانیا هیوادارە بتوانێت سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت لە ئەمەریکاوە وەربگرێت، لە پێناو پاراستنی خارکیڤدا.
لای خۆشیەوە بلینکن ئاماژەی بەوە كرد، ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکەی ئۆکرانیادا سوورن لەسەر ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی ئۆکرانیا هەرچی پێویست بێت بۆی دابین بکرێت بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت لە شەڕەکەیدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.
باسی لەوەش كردووە" دەزانین ئەم کاتێکی سەختە، بەڵام دەشزانین کە یارمەتییەکان ئێستا بەڕێوەن، هەندێک لەو یارمەتییانە پێشتر گەیشتوون، یارمەتی زیاتریش دەگات، ئەوەش جیاوازییەکی ڕاستەقینە دروست دەکات دژی دوژمنکارییە بەردەوامەکانی ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا."
بلینکن لە ماوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دینیس شمیهاڵ و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولێباشدا کۆدەبێتەوە و وتارێک لە کیێڤ پێشکەش دەکات.
ڕۆژی هەینی ئەمەریکا نوێترین یارمەتی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند کە پێکهاتووە لە 400 ملیۆن دۆلار لە بەهای چەک و کەلوپەلی سەربازیی.
ڕۆژی دووشەممە کۆشکی سپی وتی ئەمەریکا " هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات " بۆ گەیاندنی چەکەکان بە خێرایی بۆ ئۆکرانیا تاوەکو ئەو وڵاتە بتوانێت لە خارکیڤ ڕووبەڕووی هێرشە زەمینییەکەی ڕووسیا ببێتەوە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان وتی " هەرچی لە تواناماندا بێت لە ڕووی مرۆییەوە ئەنجامی دەدەن، خۆمان و هاوپەیمانەکانیشمان." وتیشی یارمەتییە نوێیەکان لە " چەند ڕۆژی داهاتوودا " ڕادەگەیەندرێن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە