ڕووسیا: ١٦ دامەزراوەی سەربازیی ئۆکراینا لەناوبران

ڕووسیا: ١٦ دامەزراوەی سەربازیی ئۆکراینا لەناوبران

پەیامی کورد... ڕووسیا: ١٦ دامەزراوەی سەربازیی ئۆکراینا لەناوبران

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت، شەوی ڕابردوو هێرشی گەورەی ئاسمانی کردووەتە سەر سوپای ئۆکراینا و بنکە سەربازییەکانی، ئەوەش لەڕێی بەکارهێنانی هێزە ئاسمانییەکەی و هێزە مووشەکییەکانی و تۆپهاوێژ و سیستەمە دژە مووشەکییەکانییەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکان شەوی ڕابردوو ١٦ دامەزراوەی سەربازیی ئۆکراینایان لەناو بردووە، لەنێویشیاندا پێنج خاڵی سەرکردایەتی تێدا بووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکان کراونەتە سەر هەرێمەکانی خارکیڤ و زاپۆریژا و دۆنێتسک و بەندەری میکۆلایڤ، هێزی ئاسمانی ڕووسیا هێرشییان کردووەتە سەر ١٠٨ ناوچە کە وەکوو خۆیان دەڵێن هێزەکانی ئۆکراینایان لێ بووە.

لە بەیاننامەکەدا باس لەوەش کراوە، لە هەندێک ناوچەی دیکە ١٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانکییان لەناو بردووە،

هەروەها باسی لەوەش کردووە، بە بەکارهێنانی مووشەکی ئیسکاندەر چوار کۆگای چەک و کەلوپەلی سەربازییان لە هەرێمەکانی لوهانسک و ڤینیتسیا و دۆنێتسک لەناو بردووە.

ڕووسیا بەڵێنیداوە بەردەوام بێت لە داگیرکارییەکەی لە ئۆکراینا کە بە» ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت» ناوی دەبات، دەڵێت ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنەی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکراینا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕاشی گەیاندوە، تۆپهاوێژەکانی ڕووسیا ٣١٥ ئامانجی سەربازیی ئۆکراینایان کردووەتە ئامانج و سیستەمە دژە موشەکییەکانیش بەکارهێندراون بۆ خستنەخوارەوەی سێ کۆپتەری سەربازی ئۆکراینا و دوو فڕۆکەی جەنگی میگ - ٢٩ و فڕۆکەیەکی جەنگی سو - ٢٥ ی ئۆکراینی.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە