پەیامی کورد … ئەمریکا ٢٧ دیپلۆماتکاری دیکەی ڕوسیای دەرکرد
باڵیۆزی ڕوسیا لە ئەمەریکا وتی 27 دیبلۆماتکاری دیکەی ڕوسی لەگەڵ خێزانەکانیاندا لە ئەمەریکا دەرکراون و لە 30 ی مانگی یەکدا ئەو وڵاتە جێدەهێڵن.
باڵیۆزی ڕوسیا لە ئەمەریکا ئەناتۆلی ئانتۆنۆڤ وتی " دیبلۆماتکارەکانمان دەردەکرێن، کۆمەڵێکی زۆر لە هاوڕێکانم، 27 دیبلۆماتکار و خێزانەکانیان لە 30 ی مانگی یەکدا جێمان دەهێڵن. ڕووبەڕووی کێشەی کەمی کارمەند بووینەتەوە."
پێشتر ڕوسیا ئاماژەی بەوەدابوو لە ساڵی 2016 ەوە کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا خراپتر بوون، زیاتر لە 100 دیبلۆماتکاری ڕوسی لەگەڵ خێزانەکانیاندا ناچارکراون ئەمەریکا بەجێبهێڵن.
بەپێی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ماریا زاخارۆڤا، لە 29ی مانگی 10 ەوە نزیکەی 200 دیبلۆماتکاری ڕوسی لە ئەمەریکا لەسەر کارەکانیان مابوونەوە، بەو کارمەندانەشەوە کە سەر بە شاندەکەی ڕوسیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان.
مانگی ڕابردوو بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی لە سەرەتای ساڵی 2017 ەوە ژمارەی کارمەندانی شاندەکەی ئەمەریکا لە ڕوسیا لە 1,200 کەسەوە کەمبۆوە بۆ 120 کەس، ئەوەش دوای دەرکردنەکان لەلایەن هەردوولاوە و کۆتوبەند خستنەسەر شاندە دیبلۆماتکارەکانی یەکتری.
لەم ساڵدا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ ڤیزای ئەمەریکای نەدا بە هاوڵاتیانی ئاسایی ڕوسی، وتیشی ڕوسییەکان دەتوانن لە وڵاتێکی دیکەوە داوای ڤیزای ئەمەریکا بکەن
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە