مەسروور بارزانی: بە هیچ شێوەیەک واز لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان ناهێنین

مەسروور بارزانی: بە هیچ شێوەیەک واز لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان ناهێنین

پەیامی کورد... مەسروور بارزانی: بە هیچ شێوەیەک واز لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان ناهێنین

ئەمڕۆ، یەکشەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٢، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە چوارچێوەی بەشدارییان لە کۆنفرانسی ئاشتیی میونشندا گوتی، بە هیچ شێوەیەک واز لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان ناهێنین.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: هاتنی ئێمە بۆ بەشداری لەم کۆنفرانسەدا بۆ ئەوە بووە کە تێڕوانینی خۆمان وەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بخەینە ڕوو و چەندین دیداری دوو لایەنەشمان هەبووە لەگەڵ زۆربەی ئەو بەشداربووانەی کە هاتوونەتە ئێرە، هەرچەندە ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆناوە ژمارەی بەشداربووان کەمتر بوو، بەڵام توانیمان چەندین دیدار بکەین و لە دیدارەکاندا ڕوانگەی هەرێمی کوردستان لەسەر زۆربەی ئەو بابەتانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگن، بخەینە ڕوو، هەروەها گوێ لە بیر و بۆچوونەکانی ئەوانیش بگرین، پێم وایە کۆبوونەوەکانمان بەرهەمی باشیان دەبێت و تێگەیشتنی باشیشمان لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە هەبووە.

سەبارەت بە هەڵوێستی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە لەسەر دواین بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش، مەسروور بارزانی ڕایگەیاند: ئەمە بابەتێکی ناوخۆیە، بەڵام ئێمە نیگەرانیی خۆمان پیشان داوە، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی کە بە سیاسی کراون و بەداخەوە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بوو بۆ شیکردنەوەی بابەتەکان قسەی پێویستمان لەسەر کردوون.

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا کە سێ بابەتی بنەڕەتی هەبوون بۆ ئەوەی لە کۆنفرانسی ئاشتیی میونشندا قسەیان لەسەر بکرێت کە بریتین بوون لە بابەتی سیاسی و ئابووری و ئاسایش، کە ئێمە لەسەر هەمووی بابەتانە بیروبۆچوونی هەرێمی کوردستانمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان باس کرد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە کە دەستوور دەبێتە بنەما بۆ ئەوەی ئێمە پارێزگاری لە مافەکانی خەڵکی خۆمان بکەین و بە هیچ شێوەیەک واز لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان ناهێنین و هەر ڕێگەیەکیش پێویست بێت بۆ پێشگرتن لەو غەدر و زوڵمەی دژی مافی دەستووریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، دەیگرینە بەر بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافی میللەتی خۆمان بکەین.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە