وەزیری کشتوکاڵی تورکیا: بەنداوەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و لە هیچیاندا دزەی ئاو بەدی نەکراوە

وەزیری کشتوکاڵی تورکیا: بەنداوەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و لە هیچیاندا دزەی ئاو بەدی نەکراوە

پەیامی کورد... وەزیری کشتوکاڵی تورکیا: بەنداوەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و لە هیچیاندا دزەی ئاو بەدی نەکراوە

وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ڕایدەگەیەنێت هەواڵی تەقینی بەنداو لە هاتای راست نییە و بەنداوەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و هیچ دزەکردنێکی ئاو نییە.

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی تەقینی بەنداوەکان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان، ڤاهیت کیریشچی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە، سەردانی پارێزگای ئەدەنەی کرد و ئاماژەی بەوەدا: بەنداوەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و لە هیچیاندا دزەی ئاو بەدی نەکراوە.

ڕاشیگەیاند: 110 بەنداو و 30 پۆند لە ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو هەن و لەو 140 بەنداو و پۆندەدا هیچ کێشەیەک دروستنەبووە و رۆژانە پشکنینیان بۆ دەکرێت. لە 132یاندا تیمەکانمان دڵنیابوونەتەوە لەوەی هیچ بەهاناوەچوونێک پێویست نییە و پشکنینی هەشت بەنداویش بەردەوامە.

ئەمە لەكاتێكدایە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 11-2-2023، لەکاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری لە شارۆچکەی ئەنتاکیای سەر بە پارێزگای هاتای تورکیا لە هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی خەڵک لە ژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکان بەردەوام بوون، دەنگۆی تەقینی بەنداو بڵاوبووەوە ، ئەمەش وایكرد كە بەشێک لەو کەسانەی وەک خۆبەخش هاوکاریی تیمەکانیان دەکرد، لەگەڵ تیمەکانی فریاگوزاری کارەکانیان جێهێشت و دەروازەکانی ئەنتاکیا قەرەباڵخییان تێدا دروستبوو، بەڵام دواتر پۆلیس بانگەوازی کرد و رایگەیاند، ئەو ناوچەیە هیچ بەنداوێکی لێ نییە و بەشێک لە چالاکڤان و هاووڵاتییانی ئەنتاکیا چوونەسەر شەقامەکان و داوایان لە خۆبەخش و ئەندامانی تیمەکان کرد بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و باوەڕ بەو دەنگۆیە نەکەن.

باس لەوەش كراوە: کەسانێک ئەو دەنگۆیانەیان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە کەسی تێدا نەمێنێت و ئەوان کەلوپەل بدزن.

لە دوای دەنگۆیەكان ڤاهیت کیریشچی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە: هەواڵی تەقینی بەنداو لە هاتای راست نییە و بەنداو و دەریاچەکانی ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵدان.

کیریشچی ڕوونیشی كردەوە: تەنیا لە رۆژی هەینیدا سێجار پشکنین بۆ بەنداو و دەریاچەکانی هاتای کراوە و دڵنیاییدا لەوەی هیچ کێشەیەک لە بەنداوەکاندا نییە و سەردانی ناوچەکەش دەکات.

شایەنی باسە رۆژی 6-2-2023 بومەلەرزەیەكی بەهێزبە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر توركیای هەژاند و زیانێكی زۆری گیانی و مادی لێكەوەتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە