پەیامی کورد … قوباد تاڵەبانی: نزیكین لە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنی یاسای بودجە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی نزیكن لە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر میكانیزمی پێویست بۆ جێبەجێكردنی یاسای بوودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١.
قوباد تاڵەبانی كە بە سەرۆكایەتی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بوو، دوای گەڕانەوەی بۆ هەولێر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "نزیكین لە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر میكانیزمی پێویست بۆ جێبەجێكردنی یاسای بوودجە".
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندووە كە نیازپاكی لە هەردوو لاوە هەیە و پابەندبوون بە دەقی یاساكە كاریگەریی باشی دەبێت لەسەر دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی و حكوومەتی هەرێم دەباتە قۆناغێكی نوێوە.
ئێوارەی رۆژی یەكشەممەی رابردوو، شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی گەیشتە بەغدا، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق بۆ دانانی میكانیزمی جێبەجێكردنی یاسای بوودجەی ٢٠٢١.
شاندەكە لە میانی سەردانەكەیاندا بۆ بەغدا زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لە حكوومەتی فیدڕاڵی ئەنجامدا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە