ئەمریکا بۆ ئێران: لە پاراستنی هێزەکانمان سڵ ناکەینەوە

ئەمریکا بۆ ئێران: لە پاراستنی هێزەکانمان سڵ ناکەینەوە

پەیامی کورد... ئەمریکا بۆ ئێران: لە پاراستنی هێزەکانمان سڵ ناکەینەوە

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە سووریا دەڵێت: «لە پاراستنی هێزەکانمان سڵ ناکەینەوە» و دەشڵێت، بە کردار و بە ڕێگەی دیکە هۆشدارییان بە ئێران داوە کە قبووڵ ناکەن «گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە هیچ شوێنێکی جیهان» هێرش بکەنە سەر هێزە ئەمریکییەکان.

کۆڵن کاڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: «لە بەرگریکردن لە خۆمان سڵ ناکەینەوە. ئێمە بە کردارەکانی دوێنێ شەو و بە شێوازی دیکەش بە ئێرانییەکانمان گوتووە هێرشی ئەو گرووپانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بۆ سەر هێزەکانمان لە هیچ شوێنێکی جیهان قبووڵ ناکەین، بە سووریاشەوە. لە بەرگریکردن لە خۆشمان سڵ ناکەینەوە و ڕێوشوێنی دیکەی گونجاو دەگرینە بەر.»

گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن باسی لەوەش کرد کە ئامانجیان نەبوو لە هێرشە ئاسمانییەکەدا کەس بکوژن، بەڵکوو ویستوویانە وەڵامەکەیان لە ئاستی ئەو هێرشەدا بێت کە ١٥ی ئەم مانگە لە سووریا کرایە سەر هێزە ئەمریکییەکان، بۆیە لە کۆی ١١ ئامانجی دیاریکراو، ٩یان بۆردوومان کردووە، چونکە دووی دیکە بەگوێرەی زانیارییەکانیان، خەڵکی لێ بووە.

بەڵام هۆشداریشیدا کە هەر هێرشێکی دیکە بکرێتە سەر هێزەکانیان، وەڵامیان دەبێت.

هەر ڕۆژی چوارشەممە، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکەی پێنتاگۆنی کرد و ڕەتیکردەوە ئەو گرووپە چەکدارانە هیچ پەیوەندییەکیان بە تارانەوە هەبێت.

گوتەکانی کەنعانی چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هاتن کە سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانییان لە سووریا دژی ئەو گرووپانە کردووە، کە لە ئێرانەوە نزیکن.

پێش ئەوە، جۆ بۆچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەو هێرشانە کە لە سنووری پارێزگای دێرەزووری دەوڵەمەند بە نەوت کراون، «ژێرخانی ئەو دامەزراوانەی کردە ئامانج کە لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەکار دە هێنران.»

بۆچینۆ گوتیشی: «ئامانج لەو هێرشە وردپێکێنەرانە بەرگریکردن و پاراستنی هێزەکانی ئەمریکایە لە هێرشەکانی وەکوو ئەوانەی ١٥ی ئاب کە لەلایەن گرووپەکانی پشتیوانی کراوی ئێرانەوە دژی هێزەکانی ئەمریکا کران.»

چەند سەد سەربازێکی ئەمریکا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە ڕۆژئاوای کوردستان جێگیرکراون.

بەڵام کەنعانی داوای لە هێزەکانی ئەمریکا کرد بە زووترین کات سووریا جێبێڵن و «کۆتایی بە تاڵانکردنی نەوت و سامانی دانەوێڵەی ئەو وڵاتە بێنن.»

ئەو هێرشانە لە کاتێکدان کە گفتوگۆکانی کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی گەیشتوونەتە قۆناخێکی هەستیار و ئێران و ئەمریکا وەڵامی پێشنیازێکی یەکێتیی ئەوروپا بۆ دەقی کۆتایی ڕێککەوتننامەکە داوەتەوە و لەم کاتەدا تاران خوێندەوە بۆ تێبینییەکانی ئەمریکا دەکات.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە