ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکرد

ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکرد

گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی گوتی، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی كۆمسیاران كۆ دەبێتەوە و تێیدا خشتەی كاركردن و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پەسەند دەكات.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دیاری كردووە، كە بڕیارە لە 30ی ئەیلوولی دابێت بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەیش كۆمسیۆن سەرقاڵی ئەوەیە دەست بە ئامادەكارییەكان بكات و، بڕیارە ئەمڕۆ خشتەیەك بۆ ئامادەكارییەكان پەسەند بكات.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمی كوردستان، شیروان زرار، راگەیاند: "خشتەیەك بۆ دەستپێكردنی ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادە كراوە و، ئەمڕۆیش ئەنجوومەنی كۆمسیاران كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدات و تێیدا ئەو خشتەیە دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەكرێت، بۆ ئەوەی بەپێی ئەو خشتەیە دەست بە ئامادەكارییەكان بكرێت".

گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمسیاران گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەكارییەكان بكەین، بڕێك پارەی بۆ دابین كردووین و، ئەمڕۆیش دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، دیار دەبێت كە چۆن دەست بە كارەكان دەكرێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە