پەیامی کورد... مامۆستایانی قوتابخانەکان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی
ڕۆژی یەکشەممە ١ی ئایاری ٢٠٢٢، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران مامۆستایانی قوتابخانەکان بە نیشانەی ناڕەزایەتی و دۆخی بژێوی ژیانیان هاتنە سەر شەقامەکان.
مامۆستایانی قوتابخانەکان داوای مافەکانی خۆیان دەکەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لێیان زەوت کراوە.
مامۆستایانی قوتابخانەکان لەو ناڕەزایەتییەدا کۆمەڵێک دروشمیان وتووەتەوە کە بریتین لە: "مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت"، "هاوار هاوار لەو هەموو زوڵم و زۆرییە"، "مامۆستا هاوار بکە و داوای مافی خۆت بە".
لە شاری "بووشهێر" هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر خۆپیشاندانی هێمنانەی مامۆستاکان و دوای لێدان و هێرش بۆ سەر ژمارەیەک لەو مامۆستایانە لەوانە "حەمید خوجەستە، ئەڕدەشیر سیادی، یووسف سەیادی، فەرەیدوون شەفیعی، مەحموود ملاکی و مۆحسین عومڕانیـ"ـیان، دەسبەسەر کردووە.
ماوەی دوو ساڵە مامۆستاکان داوا لە لایەن و بەرپرسانی پەیوەندییدار دەکەن کە وڵامی داوکانیان لەوانە بەرزکردنەوەی مووچە، هاوسانسازی هەروەها خوێندن بە زمانی دایکی بدەنەوە بەڵام نەک وڵامیان نەدراوەتەوە بەڵکوو سەرکوتیش کراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە