پەیامی کورد … مامۆستایەکی زمانی کوردی لە دیواندەرە دەستبەسەر کرا
یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی لە شاری دیواندەرە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
بە گوێرەی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەرۆی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢١، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندەرە سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چرۆ ئەحمەدی، چالاکی مەدەنی و یەکێک لە مامۆستایانی زمانی کوردییان لە ماڵی باوکی دەستبەسەر کرد و گواستیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لانی کەم شەش کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و جیا لە دەستبەسەرکردنی چرۆ ئەحمەدی، ناوماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایل و کتێب و کەلوپەلی دیکەی ناوبراودا گرتووە.
ئەم سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ بە هەنگاوی ڕاگەیاند، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات جگە لە مۆبایلی چرۆ، دەستیان بە سەر مۆبایلی باقی ئەندامانی بنەماڵەکەشی گرتووە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەر کرانی چرۆ ئەحمەدی و ئەو تۆمەتانەی لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی کراونەتەوە ئاشکرا نەکراوە.
چرۆ ئەحمەدی تەمەن ٣٠ ساڵە، خەڵکی دیواندەرە و دانیشتووی سنەیە و یەکێکە لە مامۆستایانی زمانی کوردییە کە لە ساڵانی رابردوودا لە ئەنجومەنی فەرهەنگی و ئەدەبیی زاگرۆس خەریکی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی بوو.
ئەم چالاکە کوردە خاوەن یڕوانامەی بەکالریۆسی ئەندازیاری شیمییە و ئێستا خوێندکاری بەشی ڕۆژنامەنووسی زانکۆی پەیامی نووری سنەیە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە