پەیامی کورد... ژمارەیەکی زۆر لە میوزیک زانانی پاوە دەستیان لە هەر چەشنە کارێکی فەرهەنگی و هونەری کێشایەوە
ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و میوزیک زانانی شاری پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند کە لە ناڕەزایەتی بە داخرانی هەموو چالاکییەکانی فەرهەنگی و هونەری ئەو شارە لەلایەن بەرپرسانی ڕژێم، لە هەر چەشنە کاری هونەری دەست دەکشێنەوە.
لە بەیاننامەی ئەو میوزیک زانانە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامدا بڵاو بووەتەوە، هاتووە کە بەرپرسانی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی پاوە بە ئیرادەیەکی جددی و ڕاشکاوانە هەوڵ دەدەن فەرهەنگ، زمان و هونەری ئەو شارستانە لەنێو بەرن و لەو ڕەوتە پڕ لە شورەییەدا هەموو چالاکییەکانی فەرهەنگی و هونەری ئەو شارەیان داخستووە.
لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە داخرانی چەندین ناوەندی وەکوو ''دامەزراوەی فەرهەنگی و هونەری هەورام، ئەنجوومەنی هونەری گرینکە، نەسیمی هەورامان و داخرانی سێ ساڵەی ئەنجوومەنی مۆسیقای ئەو شارە'' کراوە و هەروەها نووسراوە کە ''ئۆرکێسترای فلارمونیک'' لە پاوە لە حاڵی داخران دایە.
ئەو میوزیک زانانە لەو بەیاننامەیەدا نووسیویانە کە بە گوشاری بەرپرسانی ئیدارەی ئیرشاد ناچار بە چۆڵکردنی شوێنی ''ئۆرکێسترای فلارمونیک'' کراون.
نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە ڕەخنەیە لە بێدەنگی ئەنجوومەنی مۆسیقای ئێران و چەندین ناوەندی دیکە دەربڕیوە، هەروەها وتوویانە کە ئەو بابەتەیان لەگەڵ بەناو نوێنەری ئەو شارە خستووە بەر باس کە هیچ ئاکامێکی نەبووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە