سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا، سوپاسی هاووڵاتیانی كوردستان و لایەنەسیاسییەكانی كوردستان و عێراق و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان دەكات، لە پای بەشداریكردن لە پرسەی دلۆڤان ئیدریس بارزانی دەڵێت:”هاوسۆزی و هاوخەمیان لە خەمی ئێمەیان كەمكردەوە”.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا، بە بۆنەی كۆتایی هاتنی پرسەی دلۆڤان ئیدریس بارزانی ڕایگەیاندووە، هاوسۆزی و ئەو هاوبەشییەی خەڵكی ئازیزی كوردستان، لە خەم و پرسە و كۆستەكاندا بۆ ئێمە هەمیشە جێگەی ڕێز و تەقدیرە و مایەی شانازییمانە.
پەیامی سوپاسگوزاریی مەسعود بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سوپاسی بێ پایانی خۆمان ئاراستەی هەموو هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و پیاوانی ئایینی و نوێنەری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسایەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاكادیمی و وەرزشی و فەرماندە و هێزە قارەمانەكانی پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس و بەرپرسانی ئیداری و سیاسی و هەموو چینوتوێژەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و سەرجەم كوردستانییانی ئازیز لە هەر چوار پارچە و دەرەوەی وڵات دەكەین كە زەحمەتیان كێشا و تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردن لە پرسەی خوالێخۆشبوو دلۆڤان ئیدریس بارزانی و هاوسۆزی و هاوخەمیان دەربڕی و لە خەمی ئێمەیان كەم كردەوە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەی دەرەوە و ناوخۆی كوردستان و عێراق و سەركردە و بەرپرس و كەسایەتیی وڵاتان بكەم كە لە ڕێگەی تەلەفۆن و بروسكە و پەیامی سەرەخۆشی یا بەهەرشێوەیەك كە بۆیان كرابێت لە خەمی ئێمەدا شەریك بوونە.
پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو خەڵكەی لە ڕێگەی نزیك و دوورەوە هاتبوون و ئەركیان كێشا و لە خەمی ئێمە بەشدار بوون. سوپاسی تایبەتم بۆ خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان كە هاوخەمیی خۆیان بۆ ئێمە دەربڕی.
هاوسۆزی و ئەو هاوبەشییەی خەڵكی ئازیزی كوردستان، لە خەم و پرسە و كۆستەكاندا بۆ ئێمە هەمیشە جێگەی ڕێز و تەقدیرە و مایەی شانازییمانە. سوپاسی هاووڵاتیانی خۆشەویستی شارۆچكەی سەلاحەددین دەكەم كە لەو چەند ڕۆژەدا تەحەمولی زەحمەتی و قەرەباڵخییان كردووە، و میوانداریی خەڵكیان كردووە. هەروەها سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی هێزەكانی ئاساییش و پۆلیس دەكەم كە ئەركی ڕێكخستنی ڕێگەوبان و ئاساییشیان لەسەر شان بوو. هیوادارم گشت لایەك لە ئازار و ناخۆشی بە دوور بن و خودای مەزن خێری هەمووتان بنووسێت و، ڕەحمەتی خودا لە كۆچكردووی هەموو لایەك بێت.
مسعود بارزانی
5ـی 4ـی 2018
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە