ئەمڕۆش كورد و سوننە بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەن

ئەمڕۆش كورد و سوننە بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەن

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق: بە ھۆی جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانمان، جگە لە كورد، سوننە و نوێنەری پارێزگاكانی باشووری عێراقیش بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەن لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەوە.

پەرلەمانی عێراق، جارێكی دیكە پڕۆژەیاسای بوودجەی بۆ حكوومەت ناردبووەوە، بۆ ئەوەی داواكاریی فراكسیۆنەكان جێبەجێ بكات، بەڵام حكوومەت بە بێ ئەوەی ھیچ دەستكاری بكات، پڕۆژەكەی بۆ پەرلەمان ناردووەتەوە و، ھەر یەكە لە كورد، سوننە و نوێنەرانی پارێزگای بەسرا داواكارییان ھەیە و بۆیان جێبەجێ نەكراوە، داواكاریی كوردیش بریتییە لەوەی بەشەبوودجەی ھەرێم لە ١٧% كەمتر نەبێت و ناوی پارێزگاكانی ھەرێمیش بۆ حكوومەتی ھەرێم بگۆڕدرێت.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق شاخەوان عەبدوڵڵا، رایگەیاند، "فراكسیۆنە كوردییەكان بەردەوام دەبن لە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق و بەشداریی ھیچ دانیشتنێكی پەرلەمان ناكەن لەبارەی بوودجەوە، ئەمڕۆیش ھەر كاتێك باسی بوودجە بكرێت، ئێمە بایكۆتی دەكەین و بەشداری لە دانیشتنەكەدا ناكەین تاوەكوو داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێن".

شاخەوان گوتیشی، "ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، جگە لە ئێمەی كورد، لە ئێستادا سوننە و نوێنەرانی پارێزگاكانی باشووریش بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بوودجەوە ناكەن و بایكۆتی دەكەن، چونكە حكوومەت پڕۆژەیاساكەی بۆ پەرلەمان ناردووەتەوە و داواكاریی ئەوانیشی جێبەجێ نەكردووە، بۆیە گەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ناتوانن پڕۆژەیاسای بوودجە تێپەڕێنن".

لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵدا، داواكاریی سوننەكان جێبەجێ نەكراوە، كە گرینگترین داواكارییان دابینكردنی بڕێكی بوودجەیە بۆ ئەو پارێزگایانەی لە دەستی داعش رزگار كراون بۆ ئاوەدانكردنەوە و، نوێنەرانی پارێزگاكانی باشووریش داوای پتڕۆدۆلار بۆ پارێزگاكانیان دەكەن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە