مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا کرد

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا کرد

پەیامی کورد      ...    مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا کرد

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/7/13 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون ، دۆخی ئێستای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی سنووردارکردنی ڤایرۆسەکە و کارایی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندرووستییەکان هەڵسەنگێنرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری تەندرووستی ڕاپۆرتێکی دەربارەی ڕێژەی تووشبووان و مردن و چاکبوونەوە خستەڕوو کە ئاماژەی بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و هەڵکشانی ڕێژەکە کرد کە هۆکارە سەرەکییەکەی پابەندنەبوونە بە ڕێنماییە تەندرووستییەکان.
پاشان وەزیرانی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تێبینی و سەرنج و هەڵسەنگاندنی خۆیان لە بارەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ئاستی پابەندبوون بە ڕێنماییەکان خستەڕوو.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی تەشەنەکردنی زیاتری ڤیرووسەکە لە هەرێمی کوردستان و زیادبوونی ڕێژەی تووشبووان و مردووان و ئاماژەی بەوە دا کە بە داخەوە بە هۆی بە سیاسیکردنی بابەتەکە و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان،  ژمارەی تووشبووان و مردووان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە. بۆیە جارێکی دیکە داوا لە هاووڵاتییان دەکەمەوە کە پابەند بن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و پاراستنی خۆیان و کەسوکار و کۆمەڵگەکەیان .
دوای هەڵسەنگاندنی پێویستی بارودۆخەکە ، لیژنەی باڵای وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا:
یەکەم : بەردەوامبوونی هەردوو وەزارەتی تەندروستی وناوخۆ  لە دەرکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنمایی تەندروستی پێویست بۆ ڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەپاندنی بە کارهێنانی ماسک و دەستەوانە و تێکەڵاونەبوون لە شوێنە گشتییەکان و وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان و بەداواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پێشتر لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوون و سزادانی سەرپێچیکاران.
دووەم: بەردەوامبوونی قەدەخەی هاتووچۆ لە نێوان شارەکان و لە نێوان پارێزگاکان لەو کاتانەی کە لە لایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانەوە ڕاگەیەندراوە و درێژەدان بە داخستنی شوێنە گشتییەکان.
سێیەم:  گەشتە ئاسمانییەکان هەتا 22 ی ئەم مانگە ڕادەگیرێن و دواتر بە   هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدرالی بڕیاری پێویستی لە بارەوە دەدرێت بە لە بەرچاوگرتنی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان.
چوارەم:  وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان و فەرمانگەی میدیا و زانیاریی لە چوارچێوەی بڕیار و ڕینماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، ڕاسپێردران بۆ بەردەوامبوون و برەودان بە هەڵمەتی هوشیارکردنەوەی هاووڵاتییان بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بە هاوکاری و هەماهەنگیی لە گەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە