مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دادی کرد

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دادی کرد
پەیامی کورد    ...   مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دادی کرد

لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، ئەمڕۆ پێنجشەممە7ی تەمموز، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دادی کرد و لەلایەن فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد، پێشوازی لێ کرا.

پاشان سەرۆکی حکوومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و سەرۆکی ئەنجومەنی شورا و سەرۆکی داواکاری گشتی و بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی دادی کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری داد، کورتەیەکی دەربارەی پەیکەر و بەشەکان و کار و چالاکی و پلانەکانی وەزارەت و کارکردنیان لە چوارچێوەی کارنامە کابینەی نۆیەم پێشکەش کرد.

دواتر سەرۆکی حکوومەت، لە ووتەیەکدا ئاماژەی بە گرینگی وەزارەتی داد و سەقامگیربوونی دادپەروەری بە گشتی کرد و گوتی دادپەروەری و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هاووڵاتییان بنەمای سەرکەوتن و بەهێزبوون و مانەوەی هەر دەسەڵات و حۆکمڕانییەکە، بۆیە خوازیارم وەزارەتی داد و هەموو دامودەزگاکانی حکومەت، کار لە پێناو جێبەجێکردنی دادپەروەری و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەگشتی و بەبێ جیاوازی بکەن.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرینگی نەهێشتنی ڕووتین و بیرۆکراسی و پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ هاووڵاتییان و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی حکومەت کردەوە .

سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئامادەیی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی حکوومەتی لە گەڵ دادگاکانی کوردستان دەربڕی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەییانە و بە خێرایی، ئەرکەکانیان رابپەڕێنن و لە بەسزاگەیاندنی تاوانباران و سەرپێچیکارانی یاسا بە گشتی و بەتایبەتیش بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، هیچ کەمتەرخەمییەک نەکەن. 
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت، وەڵامی تێبینی و سەرنج و پێشنیاری ئامادەبووانی دایەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە