پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمرۆ چوارشەممە ٢٠-٢-٢٠١٩، پێشوازی لە نافومی هاشیمۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا، كە كۆنسووڵی گشتیی ژاپۆن لە هەولێر ئامادە بوو، دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و فراوانكردنی پەیوەندییەكان و دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.
مەسروور بارزانی، سوپاسی گەل و حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو هاوكاری و یارمەتییانەی لە ماوەی رابردوودا پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كردووە .
لەلای خۆیەوە، باڵیۆزی ژاپۆن ھیوای سەركەوتنی بۆ مەسروور بارزانی خواست لە سەرۆكایەتیكردنی كابینەی داھاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاوكات ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكان و بەشداربوون لە پەرەپێدانی ژێرخانی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا.
لە بەشیكی دیكەی دیدارەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی رۆڵی كۆمپانیاكانی ژاپۆن لە بواری ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدان كرا و جەخت كرایەوە كە هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاكاندا.
هەوڵ و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قووڵتركردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ژاپۆن، بە شێوەیەك لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە