مەسرور بارزانی: بەهۆی خیانەتی چەند کەسێکەوە خەونی سەربەخۆیی نەهاتەدی

مەسرور بارزانی: بەهۆی خیانەتی چەند کەسێکەوە خەونی سەربەخۆیی نەهاتەدی

مەسروور بارزانی لە گوتارێکدا بۆ خوێندکارانی زانکۆ لە هەولێر رایگەیاند، ئەوانەی دژایەتی گشتپرسیی سەربەخۆیان کرد، لە بەغدا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد ناکەن. 

 

 

مه‌سرور بارزانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ قوتابیان و لاوان و ئافره‌تان بۆ پشتگیریكردن  له‌ لیستی 184ی پارتی و كاندیدانی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق راگه‌یاند: لایه‌ن هه‌بووه‌ خه‌ڵكی هانداوه‌ بچنه‌ نێو رێزه‌كانی داعش و ئێستاش داوای ده‌نگی ئێوه‌ ده‌كه‌ن.

مەسروور بارزانی لە گوتارەکەیدا باسی لە قسەی لایەنە کوردییەکانی تر کرد، هێمای بۆ ئەوەکرد، کەوا هەموو لایەک قسەی خۆیان کرد و ئەوەی لە هەگبەیاندا بوو باسیان کرد، بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەوەیە، کێ دەتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان لە بەغدا بکات، گرنگە بیر بکەنەوە، پشت بە کێ دەبەستن، دەنگ بەو لایەنە بدەن، ئێوە دەتوانن هەموو شتەکان لێک بدنەوە، چونکە خاوەنی هزر و بیری خۆتانن، دەبێت زۆر وریا بن و پێش هەموو شتێک بیر لە نەتەوەکەتان بکەنەوە، کە ئایا داهاتووی ئەم کوردستانە دەدەنە کێ، کە لە ئاستی بڕوا و دەنگی ئێوە بێت.

مەسروور بارزانی لە درێژەی وتارەکەیدا گوتیشی: "سەبارەت بە ئێمە، ئەم هەڵبژرادەنە تەحەددایە، چونکە بۆ دەسنیشانکردنی ویستی نەتەوەمان بەشداریی ریفرەندۆممان کرد، بەداخەوە بە هۆی خیانەتی ئەو چەند کەسە ئەو خەونە نەهاتە دی، ئەوەش بەو مانایە نییە، کە نەتوانین هەوڵ بۆ ئەو خەونە چارەنووسسازە بدەین"، روونیشی کردەوە، کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان نەیوستووە شەڕ و ناخۆشی  لە نێوان ئێمە و بەشەکانی تری عێراقدا ببێت، کە بە داخەوە هەندێ لایەن ویستیان بە ئەنقەست بە پشتیوانی چەند لایەنێکی کورد فرۆش و خاک فرۆش، هێرش بکەنە سەرمان.

لە درێژەی پرسی ڕیفراندۆمدا ووتی، کە ڕیفراندۆممان کرد، بۆ ئەوە بوو کە ڕای خەڵکی خۆمان بزانین و بەرچاوڕوونیمان بێ بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، هەرگیز نەمانویستووە کیشە و دوژمنکاریمان لەگەڵ بەغدا هەبێ، بەڵام پەرچەکرداری دوژمنکارانەیان هەبوو و بە هاوکاریی چەند لایەنێکی خۆفرۆش هێرشی سەر کوردستانیان کرد. بە هاوکاریی لایەنی نێوخۆیی کەرکووکیان فرۆشت.
جا بۆیە دڵنیا بن، ئەوەی خیانەتی لە دەنگی ئێوە و ڕیفراندۆم کردووە، سبەینێیش لە بەغدا ناتوانن و نایانەوێ پارێزگای لە دەستکەوتەکانتان بکەن. دەبێ ئێوە بە ناردنی نوێنەری ڕاستەقینەتان پارێزگاری لە دەستەکەوتەکان بکەن.

گوتیشی: "ئەوان دەڵێن ریفرەندۆم تووشی شکست بووە، بێگومان هیچ کات ئەنجامی ریفرەندۆم تووشی شکست نەبووە، لەم قۆناغەش بۆ ئەوەی مافەکانمان بە دەسبێنین، دەبێت دەنگ بەو کەسانە بدەین، کە متمانەمان پێیانە و بە رێبەری پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی دەبێت، گەر ئێستا سەیر بکەن، دوو بەرە درووست بووە، بەرەی پارێزگاری کردن لە شکۆی کوردستان و قیمەتی نەتەوەکەمان، بەرەی تریش هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو ئەو شکۆیە بشکێنن و رادەستی لایەنێکی تری بکەن، دڵنیابن کە پارتی لە بەرەی بەرگریکردن لە شکۆی کوردستاندایە".

مەسرور بارزانی بە سەرسوڕمانیشەوە گوتی: "پارتی بوو کە توانی نەک تیرۆریستان تێکبشکێنێ، شکۆی کوردستانیش بە جیهان بناسێنێ، خوێنی ئێمەش لە خوێنی ئەو شەهیدانە ئاڵتر نییە، کە بۆ ئەم خاکە رژاندوویانە، ناکرێ لەسەر حیسابی خوێنی شەهیدان و شەونخونی پێشمەرگە، لایەنی تر بێن و خۆیان بکەنە خاوەنی ئێوە، ئەوکاتەی پێشمەرگەکانی پارتی و رێبازی بارزانی لە سەنگەری خەباتدا بوون، لایەن هەبووە هانی خەڵکی داوە پەیوەندی بە داعشەوە بکەن، بەڵگەمان لایە، کە بۆ دژایەتیکردنی کوردستان خەڵکیان بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە داوە، ئەوانە شایستەی ئەوە نین دەنگیان پێ بدەن.

مەسروور بارزانی لە کۆتایی وتارەکەیدا باسی لەو پێشێلکارییە دەستووریانە کرد، کە چەندین ساڵە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بەرامبەر کوردستان دەکرێت و نموونەی بە ماددەی 32ی دەستوور هێنایەوە و وتی: " ماددەی 32 لە دەستووری عێراق، دەڵێ دەبێت ئەو شوێنانەی روخێندراون و زیانیان پێگەیشتوون قەرەبوو بکرێنەوە،  لە ساڵی 1961 هەتا 2003، 384 ملیار دۆلار زەرەر بە خەڵکی کوردستان کەوتووە، لایەنی تر هەبووە، نەک بەرگری لەم خاڵە نەکردووە، چووە داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە بودجە ببڕن، تاوەکو حکوومەتی هەرێم شکست بێنێت، بە هەموو شێوەیەک پەلاماری کوردستان دراوە، بە تایبەتیش پارتی، چونکە دەزانن بەرگریکاری راستەقینەی کوردستان، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە