پەیامی کورد... مەسرور بارزانی: دەبێ بەرپرسانی ئیداریی سلێمانی بۆمان ڕوون بكەنەوە بۆچی داهات كەمی كردووە
ئەمڕۆ، چوارشهممه 11/5/2022، مهسرور بارزانى، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا باس لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و پەیوەندیییەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و مافە دەستوورییەکانی هەرێم و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکات.
دەقی وتاری مەسرور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان زۆر زۆر بەخێر بێن، ڕۆژتان باش
لەم ماوەیە چەندین بابەت کۆبوونەتەوە کە پێویستە قسەیان لەسەر بکەین و هەڵوەستەیان لەسەر بکەین.
من هەوڵ دەدەم بە خێرایی باسی ئەو بابەتانە بکەم، دواتر ڕێگە بە پرسیارەکان دەدەین.
بابەتی یەکەم کە لەوانەیە جێی پرسیار بێت، بابەتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانە، ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان داکۆکی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکەین، من خۆم داکۆکی لەوە دەکەم کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێ و ئەوەی پێویست بووە لەسەر حکوومەتی هەرێم گیراونەتە بەر بۆ ئەوەی دوا نەخرێت، ئەمە ڕێزگرتنە لەو پرۆسە دیموکراتییەی کە هەموومان بڕوامان پێیەتی و پابەندین پێی، هیوادارم لایەنە سیاسییەکانیش لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ڕێک بکەون.
بابەتێکی دیکە کە پێویستە بە گرنگییەوە باسی بکەین، هەروەک دەزانن ئەم ماوەیە قسەی زۆر دەکرێ لەسەر ئەوەی کە لە هەندێک شوێن، بە تایبەتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان مووچە لە کاتی خۆیدا نادرێت. لێرەدا حەز دەکەم ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدەم کە هەر لە دەستپێکی ئەم کابینەیەوە ئێمە گوتوومانە حکوومەت سەرتاسەرییە لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە ئەجێندای حکوومەت پێویستە جێبەجێ بکرێت، هەموانیش پابەندن پێیەوە، لەم ڕوانگەیەوە داوا کرا دەسەڵاتەکان بۆ حکوومەتەکانی محەلی شۆڕ بکرێنەوە، ئێمەش ئەو بڕیارەمان دا تا حکوومەتەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بتوانن لە چوارچێوەی ئەجێندای حکوومەتدا کارەکان بەڕێ بکەن، بەڵام بەداخەوە وەکوو پێویست لە هەموو پارێزگاکان ئەجێندای حکوومەت وەکوو یەک جێبەجێ نەکراوە، لە هەندێک شوێن دەبینین داهاتی ناوخۆ زیاد بووە و لە هەندێک شوێنیش نەک زیاد نەبووە، بەڵکوو کەمیش بووەتەوە.
بەڕێزان، من پێشتریش باسم کردووە، داهاتەکانی هەرێمی کوردستان سێ جۆرن، یەکێکیان داهاتەکانی فرۆشتنی نەوتە، ئەمەش بەپێی ڕێژەی دانیشتوان و ئەو میکانیزمەی لە کابینەکانی پێشتریش ئامادە کراوە، بەو شێوەیە ئەو بڕە داهاتە بەسەر هەموو هەرێمی کوردستاندا بە یەکسانی و دادپەروەرانە دابەش دەکرێ.
داهاتی دووەم ئەو داهاتەیە کە لە حکوومەتی فیدراڵییەوە جار جار بۆمان دێت و ماوەیەکی زۆریش بۆمان نەهات و هێشتاش مانگانە دەبێ داوای بکەین تاوەکوو ئەو داهاتە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت. ئەم داهاتەش دیارە و بەپێی ڕێژەکانی پێشتر بەسەر هەموو ناوچەکان و مووچەخۆرانی کوردستاندا دابەش دەکرێت.
بەشەکەی تر کە جێگەی پرسیارە، داهاتی ناوخۆ و غەیری نەوتییە کە لە داهاتی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی ڕسوومات و باجە، ئەم داهاتە لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر زیادی کردووە، بەڵام بەداخەوە لە پارێزگاکانی دیکە وەکوو پێویست کاری لەسەر نەکراوە، ئەمە بووەتە هۆکار کە ئەو بڕە پارەیەی پێویستە بۆ تەکمیلکردنی مووچەی مووچەخۆران، دوا دەکەوێت کە ئەوەش بووەتە جێی پرسیار.
حەز دەکەم ئاماژە بەوە بدەم کە ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش و خۆم وەکوو شەخس، کەس لە خۆمان بە خەمخۆرتر نازانین بۆ هەموو خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی لە هەر کوێیەک بن، پابەندین بەوەی مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا دابین بکرێت. بەڵام ئەگەر لە شوێنێک کەمتەرخەمی کراوە، پێویستە پرسیار لەوە بکرێت بۆ ئەم کەمتەرخەمییە هەیە؟ هەر لەم ڕوانگەیەشەوە لە ڕۆژانی داهاتوو داوا لە پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕینیش دەکەم، بێن و بۆم باس بکەن ئایا کێشەکان لۆکاڵی و ناوچەیین، یان گشتین؟ هەروەها کێ بەرپرسە لە کەمکردنەوەی ئەو داهاتەی پێویستە بۆ دابینکردنی مووچە، دوای ئەوەی قسەمان کرد، بەرچاوڕوونیی زیاترمان دەبێ و قسەی زیاتریشی لەسەر دەکەین.
بابەتێکی تر ئەوەیە، لەو ماوەیەی ڕابردوو چ بەهۆی کۆرۆنا بێت، یان وشکەساڵی بێت؟ یان لە دوای شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا نرخی کاڵاکان و کەرەستەی خۆراکی و سووتەمەنی لە ئاستی جیهاندا بەرز بووەتەوە، ئەمە کاریگەریی لەسەر زیادبوونی نرخی ئەو کاڵایانە لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئەمە چەندین هۆکار هەیە، چ کۆرۆنا بێت یان کێشەی ئابووریی هەندێک وڵات، یان شەڕ بێت، ئەمە وای کردووە کە بازرگان و زۆر خەڵکی هەوڵ بدەن زووتر کەرەستەکان پەیدا بکەن و هەندێک وڵات دەیانەوێ کەرەستەکان لای خۆیان بێڵنەوە و نەیفرۆشن، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیش کاریگەری لەسەر گواستنەوەی مەوادەکان هەیە، ئەمەش وای کردووە نرخی سووتەمەنی لە هەموو شوێنێک بەرز ببێتەوە، ئێمە چەندین ڕێکارمان گرتۆتە بەر و بەردەوامیش دەبین بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشار و پاڵەپەستۆیەی کەوتووەتە سەر هاووڵاتییان، تاوەکوو بە تەنیا نەبن و حکوومەت پاڵپشتیان بێت. ئێمە هاوخەمی هاووڵاتییانی خۆمانین و دائیمەن لە خەمی ئەوەداین چۆن بتوانین فشارەکە کەم بکەینەوە، چەند ڕێیەکمان گرتووەتە بەر، بۆ نموونە کەمکردنەوەی نرخی کارەبا بۆ فڕنەکان، هەروەها لێخۆشبوونی گومرگیمان بۆ خۆراکە سەرەکییەکان کردووە، حکوومەتی عێراقیش بڕیاری داوە کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لێخۆشبوون هەبێت، هەوڵ دەدەین ئەو ماوەیە لەلایەن حکوومەتی عێراقیش درێژ بکرێتەوە و هەوڵ دەدەین لای خۆشمان ئەم بڕیارە هەبێت. هەروەها داوا لە بازرگانان دەکەین کە بە ڕێژەیەکی زیاتر کەرەستەکان هاوردە بکەن، یارمەتیی ئەو بازرگانانەش دەدەین کە کۆگایان هەیە و نرخی بەڕێوەبردنی کۆگاکانیشیان لەسەر کەم دەکەینەوە، بە هەر جۆرێک بێت چ باج، یان گومرگ، یان ڕێگەدان بە هاوردەکردنی کەرەستەکان، بەمەش وا بکەین هاووڵاتییان دڵنیا بن کە حکوومەت هەموو ڕێکارێک بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان دەگرێتە بەر.
هەروەها سووتەمەنی، ئەوەی کە پێویستە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، یان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش کە پێویست بێت بۆ هاووڵاتییان داخیل بکرێ بۆ کەمکردنەوەی نرخ لەسەر هاووڵاتییان، لەسەر ئەو سیاسەتەش بەردەوام دەبین تا نرخی سووتەمەنی کەم بکەینەوە.
بابەتێکی دیکە، وزە و پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵییە، ئێمە لە پرێس کۆنفرانسی پێشووتریش لەسەر یاساییبوونی ئەم بابەتە قسەمان کردووە، بەداخەوە هەندێک جار قسەی ناڕاست دەکرێ کە حکوومەتی هەرێم پابەند نەبووە، یان ئیستجابەی نەبووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، ئێمە بەردەوام بووین لە پەیوەندیکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی تا بگەینە ئەنجامێک لەسەر بنەمای دەستوور و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەگشتی، ئێمە پێشتریش ڕوونمان کردووەتەوە کە بڕیاری تاکلایەنە کە پێشێلی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکات، جێی پەسەند نییە و هیچ کەسیش ئەو مافەی نییە، نە حکوومەت و نە حزب و تاک، بڕیار لەجێی خەڵکی کوردستان بدات، دەستوورێکمان هەیە و مافەکانی خەڵکی کوردستان دیاری کراوە، بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ نییە ئەم دەستوورە پێشێل بکرێت.
بۆ بابەتی پەیوەندیکردن بۆ چارەسەر، لە بابەتی وزە و هەناردەکردنی نەوت و مەلەفی نەوت و غاز بە شێوەیەکی گشتی، لە مەلەفی بەردەوامداین، پێم سەیرە دەڵێن حکوومەتی هەرێم ئیستجابەی نەبووە، بەم دواییەش پێشنیازمان پێ گەیشتووە و بە فەرمی و نووسراویش وەڵامی پێشنیازەکانمان داوەتەوە، ئێمەش لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور ڕای هەرێمی کوردستانمان دیاری کردووە کە بە چ شیوەیەک دەتوانین بگەین بە ئەنجامێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان. چاوەڕێی ئەوەین کە حکوومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکە زیاتر پەنا بۆ یاسا و چارەسەرە دەستوورییەکان ببەن و خۆیان لە بابەتە سیاسییەکان بەدوور بگرن و ئەمە وەک کارتێکی فشاری سیاسی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکار نەهێنن.
خاڵێکی تر، ئەوەیە کە زۆر جار لە ڕاگەیاندنەکاندا دەبینین توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت دەکرێ و بەردەوامە، لەوانەیە ناهەقییەک بەرامبەر خەڵکی کوردستان بکرێت کە گوایە ئەم دیاردەیە تەنیا لە هەریمی کوردستانە، ئەمە ڕاستییە و لە ناوچەکە بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەش ئەم دیاردەیە هەیە، پێویستە بنبڕ بکرێت، خۆزگە بمانتوانیایە هەرێمی کوردستان وا پێشان بدەین کە ئەم دیاردەیە بە هیچ شێوەیەک نییە، هەوڵیش دەدەین بنبڕی بکەین، بۆ ئەمەش سوپاسی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ دەکەین بۆ وەرگرتنی ئەو ڕێوشوێنانەی پێویستن بەرامبەر بەو تاوانبارانە و ئەوانەی توندوتیژی دەکەن، بەڵام پێویستە ڕێکاری پێشوەختەش بگرینە بەر تا خەڵک بیر لە توندوتیژی نەکاتەوە، ئەویش بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە دەبێت، مامۆستایانی قوتابخانەکان و مامۆستایانی ئایینی ئەوە وەبیر خەڵک بێننەوە کە یەکسانیی ڕەگەزی لە کوردستان جێی شانازییە و کوردستان جێیەک نییە کە توندوتیژی تێدا بەردەوام بێت. بۆیە ئێمە لە حکوومەت هەموو ڕێگەیەک دەگرینە بەر بۆ بنبڕکردنی ئەم تاوانانە.
خاڵێکی تر، کە دواخاڵمە، ئەوەیە ئێمە هەستمان کردووە خەڵکێکی زۆری هەژار و کەم مووچە هەن کە کێشەی نیشتەجێبوونیان هەیە، قسەی زۆرمان لەگەڵ هەندێک وەبەرهێنەر کردووە تاوەکوو ئەم بارە لەسەر خەڵکی کەمدەرامەت کەم بکەینەوە، قسەی زۆرمان لەم بارەیەوە کردووە، ئەمە تەنیا بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و هەژارە، ئێمە بڕیارێکمان داوە ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر ئاستی هەموو کوردستان و هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەپێی ڕێژە دەستنیشانی شوێنەکان بکرێت و لەگەڵ هەندێک لەو وەبەرهێنەرانەی دەتوانن لەگەڵ حکوومەت ئەم کارە بکەن، تاوەکوو حکوومەت بە شێوەیەکی درێژخایەن و بە قیستی درێژخایەن حکوومەت بتوانێت یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هەژار و کەمدەرامەتان دەستەبەر بکات، ئەمە بێگومان دواپرۆژەمان نابێت و دەستپێکێکی باشە، هیوادارم هەژار و کەمدەرامەتەکان بتوانن سوودمەند بن لەم پرۆژەیە.
پەیامنێری کوردستان تیڤی: پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە چ ئاستێکدایە، ئایا ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەردوولا هەیە؟
مەسرور بارزانی: پەیوەندیمان بەردەوامە و شاندەکانمان دەڕۆنە ئەوێ، ئەو پۆستانەی هێشتا بە دەستی خەڵکی کوردستانەوە ماون، لەوێ بەشدارن، وەزیرە بەڕێزەکان و بەرپرسان لەوێن، لە ئاستی حزبییش شاندی حزبی و لایەنە سەرەکییەکان لێرە سەردانی عێراق دەکەن، شاندی ئەوان سەردانی هەولێر دەکەن، بەردەوامین لە گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هێشتا چارەسەر نەبوون. ئەمانە کۆمەڵێک بابەتن کە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاترە، پێمان وایە پابەندبوون بە دەستوور دەبێتە بنەمای چارەسەرکردنی ئەم کێشانە. بۆ نموونە، بڕیارێک لە دادگای فیدراڵی لەسەر چارەسەرکردنی ماددەی ١٤٠ لە ساڵی ٢٠١٩ دەرچووە، بەداخەوە پشتگوێ خراوە و حکوومەتی فیدراڵی خۆی بە جێبەجێکردنی پابەند نەکردووە، بەڵام بڕیارێک کە لە بەرژەوەندیی حکوومەتی فیدراڵییە، دێت دەیکات بە بنەمایەک بۆ فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان. بەم شێوەیە ناکرێت، ئێمە هەموومان هاووڵاتیی یەک وڵاتین، وەک چۆن خەمی هاووڵاتییانی کوردستانمانە، خەمی هاووڵاتییانی عێراقیشمانە لە بەغدا و بەسرە و کەربەلا و نەجەف و هەر شوێنێکی تر بێت، دەمانەوێ عێراق بکەوێتە سەر ڕێی ڕاستەقینەی خۆی و کێشەکانی بنبڕ بێت، ئێمە داکۆکی لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکەین تا هەموو خەڵکی عێراق تێیدا سوودمەند بن.
پەیامنێری کوردستان 24: لەسەر بابەتی دواکەوتنی مووچە لە هەندێک پارێزگا قسەتان کرد، جۆرێک لە ناڕوونی لە بابەتەکە هەیە، هەندێک لایەن پێیان وایە حکوومەت تەمویلی ئەو پارێزگایانە ناکات کە کێشەی مووچەیان هەیە، حکوومەتیش ڕایگەیاندووە کە داهاتی ناوخۆ لەو ناوچانە بەشێکە لە پێداویستییەکانی تەمویلی مووچە کە بەشی پێویست کۆ نەکراوەتەوە، ئایا لەو ناوچانە ئەو داهاتە هەیە و بە کردەیی ناخرێتە تەمویلی مووچەوە؟
پرسیاری دووەمم، دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ لەسەر ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە، پێتان وایە بۆچی ئەم جۆرە سکاڵایانە لە دژی هەرێمی کوردستان دەجووڵێندرێت؟
مەسرور بارزانی: سوپاس، لەبارەی پرسیاری یەکەم، ئێمە دەبێ بە داتا قسە بکەین، بە ڕای تاکەکەس ناکرێ بڕیار بدەیت، لە کاتی کۆرۆنا و لە کاتی کێشەی ئابووری، داهاتی سلێمانی زیاتر بوو لەوەی ئێستا دێتەوە بۆ حکوومەت، ئەمە جێی پرسیارە، هۆکار چییە داهات لەم سنوورە کەم بووەتەوە؟ بۆ ئەوەی نەکەوینە قسە و وەڵامدانەوە، داوا دەکەم بەرپرسە ئیدارییەکانی ئەو ناوچانە بێن و هۆکاری کەمکردنەوەی داهات لەم شوێنە چییە، قسەی زۆر کراوە و لەوانەیە بەڵگەی زۆریش خرابێتە بەردەست کە داهات ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت، بەڵام دەبێ هۆکارەکەی هەرچی بێت بە بەڵگەوە بسەلمێندرێت. بێگومان حکوومەتی هەرێم بەرپرس نییە لەوەی مووچەی دابەش نەکردووە، بەڵکوو ئەوەی لەسەریەتی کردوویەتی و بە دادپەروەرانە بڕی پێویستی دابین کردووە، ئەوەی کورتهێنانی تێدا دروست دەبێت، ئەو داهاتە ناوخۆییەیە کە ناگەڕێتەوە، پرسیار ئەوەیە ئەم داهاتە لە کوێیە، بۆیە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی ئەو ناوچانە دادەنیشین و دەبێت پێم بڵێن داهات لەم شوێنانە لە کوێیە؟
ناکرێ حکوومەت بەرپرس بێت بەڵام دەسەڵاتی نەبێت، حکوومەت بەرپرسە، بەڵام با پێش ئەحداس نەکەوین تا بەرپرسەکان دێن و قسەمان بۆ دەکەن، دواتر لەسەر بەرچاوڕوونییەکە بڕیاری پێویست دەکەین.
لەبارەی پرسیاری دووەمت، من نازانم ئەو کەسەی سکاڵای کردووە باسی ئەوە دەکات ٢٠٠ ملیارەکە یاساییە، یان نا، بەڵام لە دەستوور و لە یاسای بودجە مافی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە و حکوومەتی عێراق دەبێت دوای ئەوەی بەراوردی داهاتەکانی هەرێم دەکات بە فرۆشتنی نەوتیشەوە کە کردی و زانی، بڕە پارەیەک هەیە دەبێ حکوومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت، ئێستا دێن دەڵێن یاساییە، یان دەستوورییە، یان نا، ئەمە جێی سەرسوڕمانە، ئەگەر خەڵکی کوردستان هاووڵاتیی یەکسانی ئەم وڵاتەن، بۆچی دەبێ پرسیار لەوە بکرێ دابینکردنی مافەکانیان دەستوورییە یان نا؟ ئەمە خۆی جێی پرسیارە کە بەداخەوە نەدەبوایە بەم شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکرێت.
ئێمە داوای هیچی زیادمان نەکردووە و ئامادەشین هەموو شتێک بە داتا قسەی لەسەر بکەین، وەک هەموو جار کە ژمارەی حیساباتیان خستووەتە بەردەمیان، دەردەکەوێت حکوومەت لەسەر هەق بووە، شاندەکانمان زۆر بە داتای ڕێکوپێک توانیویانە بەرگری لە مافەکان بکەن، بەڵام زۆر جار ئەو بڕیارانەی دەدرێن، سیاسین، هیوادارین پاش ئەوەی حکوومەتی داهاتووی عێراق پێک دێت، بتوانن ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی هەموو خەڵکی عێراق بە خەڵکی کوردستانیشەوە بگرن.
پەیامنێری ڕووداو: دوو پرسیارم هەیە، ڕوونکردنەوەتان دا لەسەر کێشەی دابەشکردنی مووچە، ئێستا مانگی پێنجە، بەڵام بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی سلێمانی کێشەی مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە، پلانی حکوومەتی بەڕێزتان بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە چییە؟ هەروەها باستان لەوە کرد داهاتی ناوخۆ لە دهۆک و هەولێر زیادی کردووە و لە سلێمانی نەیکردووە، ئایا ئەمە پابەندنەبوونە بە بڕیاری حکوومەت لەبارەی باج و ڕسوومات؟
پرسیاری دووەم لەسەر ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانەن بۆ کەسانی کەمدەرامەت، لە ڕابردوودا پرۆژەی لەم شێوەیە هەبووە، بەڵام وەک پێویست خزمەتی کرێنشینانی نەکردووە، بازرگانی بە پرۆژەکەوە کراوە، پلانی بەڕێزتان چییە بۆ ئەوەی خەڵکی سوودمەند بن لەم پرۆژەیە؟
مەسرور بارزانی: دوای ئەوەی داواکاریی هەبووە دەسەڵات شۆڕ بکرێتەوە کە ئیدارە خۆجێییەکان ئیدارەی خۆیان بدەن، دەبێت بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن، ئەگەر کەموکووڕییەک لە شوێنێک هەبێت دەبێ تەحەمولی بەرپرسیارێتی بکەن. هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ چییە؟ ئەمە جێی پرسیارە و منیش دەمەوێ بیزانم، بۆیە لەگەڵ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی ئەو ناوچانە دەمەوێ دابنیشم، دەبێ بە بەڵگە و داتا بۆمان ڕوون بکەنەوە نەک بەڵگەی دروستکراوی لایەنێکی حزبی بۆ پاساوهێنانەوەی ئەو کەمتەرخەمییەی بەرامبەر بە خەڵکەکە کراوە بهێننەوە، دەبێ حەقیقەتی بابەتەکەش بۆ خەڵکی سلێمانی دیار بێت، من خۆم زیاتر لە هەموو کەسێک بە خەمخۆری خەڵکی سلێمانی دەزانم و دەزانم مافیان پێشێل کراوە و دەبێ بۆیان بگەڕێتەوە، بەڵام ئەم مافەیان لە کوێ پێشێل کراوە؟ ئەگەر حکوومەت بەرپرسە دەبێ دیاری بکرێت لە کوێ نەیتوانیوە ئەمە بکات، ئەگەر حکوومەتی خۆجێیی سلێمانیشە دەبێت بزاندرێت لەبەر چی نەیتوانیوە ئەرکەکانی بەجێ بگەیەنێت، لەبەر فشاری حزبی بووە نەیتوانیوە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، بە هەمووشمان دەبێ بۆ خەڵکی خۆمان ڕوونی بکەینەوە کە کێشەکە لە کوێدایە، ئامانج چارەسەرکردنی کێشەکەیە نەک تەنیا دەستنیشانکردنی، کە دەستنیشانمان کرد، پێش هەموو خەڵک ئامادەین چارەسەری بکەین.
پەیامنێری ئەلشەرقیە: لەم دواییە وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە بەهای نەوتی هەرێمی کوردستان ناگاتە ٥٠٪؟ پرسیاری دووەمم ئەوەیە کە لەم دواییانە گوترا دۆسیەی نەوت بە مەزاجی سیاسی بەڕێوە دەبرێت، کێ ئەمە دەکات؟
مەسرور بارزانی: جارێ پرسیاری یەکەمت ڕاست نییە، شتەکان بە داتا و ژمارەیە، دیارە نەوتی خۆمان بە چەند دەفرۆشین، کۆمپانیای دیلۆیت و خودی سۆمۆش دەزانێت هەریمی کوردستان چەند نەوت دەفرۆشێ و بە چ نرخێک دەفرۆشێ، هەموو داتاکانیشیان لەلایە. بەداخەوە وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ هەڕەشە لە کڕیارەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوانیش ترسیان هەیە و داوا دەکەن نەوتەکە بە نرخێکی کەمتر بکڕن. ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی خەمی خەڵکی کوردستانی بێت، ئەم هەڕەشەیە لادەبات تا نرخی نەوتی کوردستانیش وەک سۆمۆی لێ بێت. لە ڕیفۆرمی ئەم کابینەیە ئێمە جیاوازیی فرۆشتنی نەوتمان زۆر کەم کردووەتەوە و لەو نرخە نزیکین کە سۆمۆ نەوتی پێ دەفرۆشێت. ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەرچی خەرجیی دەرهێنان و گواستنەوە و گەڕان و پەرەپێدان و هەمووی یەک فایلە، بۆیە ئەو پارەیەی بە کۆمپانیاکان دەدرێ بۆ پێشخستنی کێڵگەی نەوت، یان ئەو پارەیەی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو سەرمایەی دابینیان کردووە، هەمووی وەکوو خەرجی لە حکوومەتی هەرێم یەک دۆسیەیە.
عێراق دەڵێ دۆسیەی دەرهێنانی نەوت کەمترە، بەڵام باسی ئەوە ناکات کە چەندین ملیار دۆلاری دیکەی بۆ گەڕان بەدوای نەوت دابین کردووە، تەنیا دۆسیەکانیان جیا کردووەتەوە و دەڵێن نرخی ئێمە کەمترە، ئەمە هیچ ڕاست نییە و هەموان دەتوانن لە ماڵپەڕەکان بیبینن.
ئەگەر ئێمە داوا دەکەین چارەسەری کێشەکە بە تەکنیکی بکرێت، دەبێ ڕەچاوی دەستوور بکرێت کە مافی هەرێمی کوردستانی تێدا دیاری کراوە، بەڵام لە پەنای دەستوورەوە پێچێک بکرێت و بێن بە شێوەیەکی دیکە بیانەوێت ئیرادەیەکی سیاسی تاکلایەنە فەرز بکەن، بەبێ ئەوەی تەوافوقێکی دوولایەنە هەبێت، بێگومان دیار دەکەوێت کە کێ ئەمە وەکوو کارتی فشاری سیاسی بەکار دێنێت.
دیاریشە ئەمە کاتێک دروست بوو کە هەڵبژاردن کرا و هاوپەیمانیی سیاسی دروست بوو، پێشبینی دەکرێ بۆ ئەوە بووبێت کە هاوپەیمانێتییەکان هەڵبوەشێنەوە، نەدەبوایە هیچ داستێک بێتە نێو ئەمەوە.
پرسیارێکم هەیە، ئەگەر حکوومەتی عێراق یاسای نەوت و غازی هەبێت، ئەم کێشانە دروست دەبن؟ بۆچی یاسای نەوت و غاز لە عێراق نییە؟ ئێمە داوا دەکەین ئەم کێشانە ئەگەر یاسایین، با یاسای نەوت و غاز لە عێراق پەسەند بکەین و هەموومان لە ژێر ڕۆشنایی ئەو یاسایە ماف و ئەرکی خۆمان دەزانین و دەتوانین بگەینە ئەنجامێکی گونجاو.
پەیامنێری زاگرۆس: ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکەن؟ هاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمانی چی بەسەر دێت، ئایا پابەندی دەستوور دەبن؟
مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس، خۆزگە یەک یەک پرسیارەکانتان بکردایە، لە پرسیاری دووەمەوە دەست پێ دەکەم، هەڵبژاردن کە دەکرێت، براوەی تێدایە و دۆڕاوی تێدایە، بەڵام ئەم بردنەوە و دۆڕانە کاتییە و کۆتایی دونیا نییە، ئەوەی لە قسەکان دەگوترێ، یان هەڵوێستی سیاسیی هەندێک لایەن، بە حیساب ئەگەر حکوومەتی زۆرینە دروست بکرێ، دەبێ ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگیرێت، براوە حکوومەت پێک بهێنێت و دۆڕاویش ڕێزی لێ بگرێت. دۆخی عێراق دەخوازێت لێکتێگەیشتن هەبێت، هەوڵەکان لە هەموو لایەک بەردەوامە تا حکوومەتێک لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک پێک بێت. ئەمە بۆ لایەنە سیاسییەکان بەجێ دێڵین، گفتوگۆ هێشتا هەیە و باوەڕ ناکەم بە بنبەستێک گەیشتبین.
لەبارەی پرسیاری یەکەمت، دووبارەکردنەوەی پرسیارەکانە لەبارەی بڕیارەکانی دادگا، ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەرچوار سەرۆکایەتیی (هەرێم، پەرلەمان، ئەنجوومەنی دادوەری و حکوومەت) گوتمان ئەم بڕیارە پەسەند نییە، بەڵکوو بڕیارێکی نایاسایی و نادەستوورییە، بەڵام ئامادەین بگەین بە ڕێککەوتنێک لەسەر بنەمای دەستوور، ئەمەش پێویستە پێش هەموو شتێک یاسای نەوت و غاز پەسەند بکرێت لە حکوومەتی فیدراڵی کە ببێت بە یاسایەک هەموومان پشتی پێ ببەستین، جیاوازی لەوەیە حکوومەتی فیدراڵی بڕیارێک دەدات بەبێ ئەوەی پشتیوانیی یاسایی هەبێت. ئێمە لە ٢٠٠٧ یاسایەکمان پەسەند کردووە، دەستوور دەڵێ هەر چییەک لە دەسەڵاتی حەسریی فیدراڵیی نییە، لە هەرێمی کوردستان دەتوانرێت بڕیاری لێ بدرێت، ئەمە وا دەکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی یاسایی بەهێزی هەبێت، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی یاسای نییە تاوەکوو پشتی پێ ببەستێت، هیوادارین حکوومەتی فیدراڵی یاسای خۆی هەبێت.
پەیامنێری کەناڵی عێراقیە: وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ بڕیارەکە جێبەجێ دەکەین، ئێوە چی دەکەن؟
مەسرور بارزانی: ئێمە ناتوانین تەنیا بێین ئەو شتانەی یەکێک بە ویستی سیاسیی خۆی دەستنیشانی دەکات، قسەی لەسەر بکەین. شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان زیاترە لەوەی تەنیا مووچەی بۆ دیاری بکرێت، لە خەرجییە سیادییەکان چی بۆ هەرێمی کوردستان کراوە؟ لە قەرەبووکردنەوەی ئەو تاوانانەی بەرامبەر کوردستان کراوە، چی بۆ هەرێمی کوردستان کراوە؟ لە بابەتی ناوچە کێشەلەسەرەکان چی کراوە؟ ئێمەش مافمان هەیە، لە خەرجییە سیادییەکان بێبەش بووین، بەشێکی زۆری داهاتی عێراق بۆ خەرجییە سیادییەکان دەڕوات، چەند لەم خەرجییانە بۆ خەڵکی کوردستان دابین کراوە؟ لە بابەتی پێشمەرگە چی کراوە؟ لە قەرەبووکردنەوەی لافاو و کارەساتەکان چی بۆ هەرێمی کوردستان کراوە؟ مافی هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە پێشێل کراوە، ئەو ماددە دەستوورییانەی گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان پێشێل کراون، هەمان دادگا بڕیاری لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ داوە، بۆچی حکوومەت خۆیان پابەند نابینن بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، ڕاکردن لە بڕیارێک و داکۆکیکردن لە بڕیارێک، دەبێتە بابەتێک کە بە ئیجتیهادی شەخسیی وەزارەتێک، یان کەسێکە، ئێمە خۆمان بە خاوەن ماف لەم وڵاتە دەزانین، بۆیە پابەندین بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان، بەڵام داکۆکییش لەسەر هەموو مافە دەستوورییەکانمان دەکەین.
پەیامنێری ئەلعەرەبیە: لەبارەی دۆخی شنگالەوە ئایا هەوڵێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە؟
مەسرور بارزانی: ئێوە ڕۆژنامەنووسن، چەندتان چوونەتە شنگال تا تەئکید بکەنەوە کە ئەو هێزانەی نایاسایین، شوێنەکانیان چۆڵ کردووە؟ کێتان ڕێگەتان پێ دراوە؟ وا نییە، ئەو هێزانەی خۆیان سەپاندووە بەردەوام لەوێن؟ کێشە و پێکدادانیش هەبووە لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵ ئەو هێزانەی خۆیان سەپاندووە، نەک کەمیان نەکردووە، بگرە هێزی زیاتریشیان هێناوە و ڕووبەڕووی یەکتر وەستاونەتەوە، لە هەمان کاتدا دەبینین بە هەزاران خەڵکی شنگال دیسان ڕوویان کردووەتەوە هەرێمی کوردستان و ئاوارە بوون، لەبەر ئەو کەشە ناتەندروستەی لەوێ هاتووەتە پێش. ئێمە داکۆکی دەکەین لەوەی ڕێککەوتنی شنگال پێویستە جێبەجێ بکرێت، حکوومەتی فیدراڵییش پابەند بێت بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە کە لەم کاتەدا کەشێکی وا دەخولقێندرێت ئەو ئاوارانە بتوانن بە سەربەرزی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
پەیامنێری ئەلحوڕە: ئەو هێرشانەی وەزیری نەوتی عێراق دەیکاتە سەر هەرێمی کوردستان، بۆچی؟ پرسیارێکی تر، ئێرانیش لەم دواییە مووشەکبارانی کوردستانی کردووە و تۆپبارانیشی هەیە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە بنکەی ئیسرائیلی نەبوون بۆردومان کراون، کۆمێنتی ئێوە چییە؟
مەسرور بارزانی: خاڵی یەکەم، نامەوێ وەڵامی بەڕێز وەزیر بدەمەوە، ئێمە وەزارەتمان هەیە و لە ڕێی خۆیانەوە وەڵام دەدەنەوە، بەڵام ئەوەی حکوومەتی هەرێم پابەند نەبووە، ڕاست نییە، چەندین نووسراو و سەردانی شاند هەبووە لە هەردوولا، ئێستا بۆ هەر مەرامێکی سیاسی، یان هەر مەرامێک بێت بە جۆرێکی تر پێناسەی بکەن، ئەمە دەبێ خۆیان ڕوونی بکەنەوە. ئێمە ئەوە بە مافێکی دەستووریی خۆمان دەزانین کە ئیدارەدانی مەلەفی نەوتی کوردستان مافێکی خەڵکی کوردستانە، بەپێی دەستوور. ناکرێ وەک کۆمپانیایەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، هەرێمی کوردستان کۆمپانیا نییە تا وەک کۆمپانیایەک مامەڵەی لەگەڵ بکات. حکوومەتی هەرێم ئیستجابەی هەبووە، وەڵامی داوەتەوە و ڕای خۆیشی پێشنیاز کردووە کە ئێمە چارەسەری چۆن دەبینین، ئەگەر ڕای کەسێکی تر قەبووڵ نەکەی، دەبێ تۆمەتباری بکەی بەوەی ئیستجابەت نەبووە؟ ڕای تاکلایەنە ناسەپێندرێت، گفتوگۆ ئەوەیە کە هەردوولا لەسەری ڕازی بن، پێویستیمان بە حەکەمێک هەیە، حەکەمەکەمان دەستوورە کە دەبێت هەردوولامان پێیەوە پابەند بین، بە هیچ شێوەیەک نەمانگوتووە ئامادە نین پێیەوە پابەند بین، دەمانەوێ زیاتریش ڕێک بکەوین، نازانم دەیانەوێ ڕێک بکەون، یان چاوەڕێی حکوومەتێکی تازەن لە عێراق. دیسان داوا دەکەمەوە لە حکوومەتی فیدراڵی کە لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز پەلە بکەن.
لەبارەی بۆردومانەکانەوە، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین بۆردومانی هیچ شوێنێکی خاک و وڵاتمان بکرێ، دژی ئەوەین ئەم ناکۆکی و پێکدادانەی هەیە بەردەوام بێت، داوا دەکەین هەموو لایەک ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق و مافی خەڵکی ئێمە بگرن. خەڵکەکەمان ساڵەهای ساڵ خەباتیان کردووە تا لەدەست دیکتاتۆرێک ڕزگار بین، ئێستا لایەنەکانی تر بێن ناوچەکانمان بکەن بە شوێنی پێکدادان، ئێمە لەگەڵیدا نین و هیوادارین هەموو لایەک ڕێز لە سەروەریی خاک و قوربانییەکانیشمان بگرن، چ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتانی دراوسێ بن، یان خودی وڵاتەکان.
پەیامنێری کەناڵی فەلووجە: دوو پرسیارم هەیە، ئایا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت سەرۆکی حکوومەتی نوێی عێراق لە هاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمان بێت، یان چوارچێوەی هەماهەنگی؟ بەردەوام پشکی هەرێمی کوردستان لە یاساکانی بودجەی عێراق بووە؟
مەسرور بارزانی: سەرۆک وەزیرانی عێراق وەک عورفێکە، دەبێت لە پێکهاتەی شیعە بێت، ئەمە یاسا نییە، بەڵام بۆتە عورفێک، تاکوو ئێستا ئەم ڕێککەوتنە وەک دیارە نەکراوە کە هەموو لایەنەکان لەسەری کۆک بن، لێرە کێشە هەیە، ئەویش ئەوەیە لایەنی براوە داوا دەکات حکوومەتی زۆرینە پێک بێت، لایەنی دۆڕاویش داوا دەکات حکوومەتێکی هاوبەش هەبێت، دەڵێن هەڵبژاردن کراوە، بەڵام با گوێی پێ نەدەین و پێکەوە هەموو شتێک بکەین. دوو بۆچوون هەیە، ڕێککەوتن لەسەر سەرۆک وەزیرانێک نەکراوە، هەر کاتێک تواندرا لە پەرلەمان سەرۆک وەزیرانێک هەڵبژێردرێت، ئێمە ڕێز لە بڕیاری پەرلەمان و پرۆسەی دەنگدان دەگرین، هیوادارین خەڵکێکی بەتوانا بتوانن حکوومەتی داهاتووی عێراق پێک بهێنن.
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان، هەموو جار گوتوومانە غەدرمان لێ کراوە، بەداخەوە شەقامی عەرەبی وا تێگەیەندراوە کە لەسەر حیسابی خەڵکی عێراق هەرێمی کوردستان پارە وەردەگرێ، بەداخەوە ئەمە ڕاست نییە، ئێمە پێکهاتەیەک و دیارە کە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان چەندین، دەبێ ڕێژەکەمان دیار بێت. کاتی خۆی ١٧٪ بوو، دواتر سەرۆک وەزیرانێک بۆ ١٣.٦٪ کەمی کردەوە، ئەمەش لە داهاتی گشتیی عێراق نەبووە، بەڵکوو دوای ئەوەی خەرجییە سیادییەکانی لێ جیا کراوەتەوە کە ساڵ بە ساڵ زیادی کردووە، لەم خەرجییانەش هەرێمی کوردستان مەحروم بووە. لەو ٥٥٪یەی ماوەتەوە، بە حیساب ١٣.٦٪ی بۆ کوردستان بووە، دواتر کردیانە سەر خەرجییە فعلییەکان کە ئەمەش داهاتی هەرێمی زۆر کەمتر کردەوە. با بەراورد لە نێوان داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەین، ئێمە گوتوومانە کۆی داهات حیساب بکەین و دواتر لەسەر هەموو عێراق دابەشی بکەین، ناکرێ لایەنێک بە کەیفی خۆی هەموو شتەکان وەلا بنێت و دواتر بێت لەسەر ئەو باقیەی ماوەتەوە دانوستانمان لەگەڵ بکات.
حەز دەکەم خەڵکی عێراق دڵنیا بکەمەوە کە داوای زیاتر لە مافی خۆمان نەکردووە، مەغدووریشین و غەدریشمان لێ کراوە، قەرەبووی خەڵکەکەمان نەکراوەتەوە لەو تاوانانەی بەرامبەریان کراوە، چوار هەزار و ٥٠٠ گوندمان وێران کراوە، ١٨٢ هەزار کەسمان لێ ئەنفال کراوە، کوا قەرەبووەکەیان؟
عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و داهاتێکی یەکجار زۆری هەیە، هیوادارین ئەو سەروەتە بۆ هەموو خەڵکی عێراق بەکار بێت، گریمان خەڵکی کوردستان مافی خۆی وەرگرتووە، پرسیارم ئەوەیە خەڵکی عێراق مافی خۆی وەرگرتووە؟ سەماوە و ئەنبار و بەسڕە مافی خۆیان وەرگرتووە؟ شوێنێکمان پێشان بدەن کە خەڵکی عێراق مافەکانیان پێ درابێت، ئێمە داوا دەکەین مافی هەموو خەڵکی عێراق دابین بکرێت.
پەیامنێریUTV: دۆخی یاسایی ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن چۆنە؟ ئەو گەرەنتییانە چییە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو کۆمپانیایانەی دەدات کە لە بواری نەوت و غازدا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن؟ لە کاتێکدا دەزانن ململانێیەک هەیە. لەبارەی مووشەکبارانەکان، ئایا داوای قەرەبووتان کردووە؟
مەسرور بارزانی: ئەوەی کراوە تاوانێک بووە بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان، تۆمەتێک بوو کە هیچ بنەمایەکی نەبوو، بەڵگەیەکیش نەتوانراوە بخرێتە ڕوو تا ئەو تۆمەتانە بسەلمێنێت، ئەگەر بنکەیەکی سیخوڕی بووە، کوا بەڵگە؟ شاندی حکوومەتی فیدراڵی سەردانی ئێرانی کردووە و داوای بەڵگەی کردووە، هیچ بەڵگەیەک پێشکەش نەکراوە، شاندەکە خۆی هاتووەتە ئێرە و لێکۆڵینەوەی کردووە، لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە خانووەکە خانووی بازرگانێکە، بە هیچ شێوەیەک نە بنکەیەکی سەربازی و نە سیخوڕی بووە. هەڵەیەک کراوە، بە عەمدی کراوە، یان مەبەستی لە پشت بووە، دەبێ لێژنەکەی لێکۆڵینەوە وەڵامی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بداتەوە و بەتایبەتییش ئەم هاووڵاتییە بەڕێزە وەڵامی بدرێتەوە، چونکە مافی خوراوە. نازانم لە ڕووی یاساییەوە هەنگاوەکان چۆن نراوە، بەڵام مافی خۆیەتی کە بە ڕێگەیەکی یاسایی مافەکەی وەربگرێتەوە.
ئێمە دەستوورمان هەیە و یاساشمان هەیە، لە دەستوور مافەکانی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە کە دەتوانن چی بکەن، یاساشمان هەیە کە لە ٢٠٠٧ەوە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەرکراوە. دەستوور مافی دەرکردنی بە هەرێمی کوردستان داوە، یاساکەی کە دەرکراوە لای ئێمە دەستوورییە، ئەو کۆمپانیایانەی لە کوردستان کار دەکەن، بەپێی ئەو یاسایە کار دەکەن و پابەندی ڕێککەوتنەکەن، بڕیارێک کە بنەمای دەستووری و پشتیوانیی یاسایی نەبێت، ناتوانێت شتێکی یاسایی هەڵبوەشێنێتەوە. ڕەوایە لایەنێک یاسای نەبێت، بە لایەنێک کە یاسای هەبێت، بڵێت تۆ نایاساییت؟
سوپاسی هەمووتان دەکەم، دەستتان خۆش بێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە