مەسرور بارزانی: هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن كوشتندا نییه‌

مەسرور بارزانی: هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن كوشتندا نییه‌

پەیامی کورد... مەسرور بارزانی: هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن كوشتندا نییه‌

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان و هەروەها گیانلەدەستدانی شنیار هونەر کەلەلایەن هاوسەرەکەیەوە سووتێندرا بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23/2/2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی رووداوی سووتاندنی شنیار و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە: "زۆر نیگەران و خه‌مبارم به‌ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. لێره‌دا دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن كوشتندا نییه‌".

دەشڵێت: "لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەسەر ڕووداوی دڵته‌زێنی شنیار خان گفتوگۆمان كرد و ستایشی كارمه‌ندانی پۆلیسم کرد بۆ دەستگیرکردنی تاوانباره‌كه‌ و پشتگیری خۆمم بۆ سزادانی تاوانباران دووپات کردەوە".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتە روو: "تەنیا لەم ساڵەدا، 9 ئافرەتی بێتاوان ‌لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە کوژراون، ئەم تاوانانە‌ ده‌بێت بوەستن و وەک خەڵکی کوردستان، نابێت قبوڵی بکەین، وەک حکومەتیش ئێمە ھاوکار و پاڵپشتی دادگا دەبین لەسەپاندنی توندترین سزا بۆ ئەم تاوانانە".

ئاماژەشی بەوەداوە: "من سوورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه‌ له‌ مه‌ترسیدان. دەزانم کە پێویستی بە کات و پابەندبوونێكی جدی هەیە، ھەربۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، پێویستی بە به‌شداریی هه‌موومان هەیە وەک چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و به‌رپرسان و کەسایەتییە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان ، ھەروەھا پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی حکوومەت رایگەیاندووە: "ئێمە ھەموو ھەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ کۆتاییھێنان بەم تاوانانە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە