پەیامی کورد... مەسرور بارزانی: نابێت مووچە و قووتی خەڵک تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم ڕێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20/4/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت: "ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمان دەکەین و وێڕای هەموو کۆسپ و تەگەرە و فشارەکان، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانمان باشتر بکەین."
سەرۆكی حكوومەت ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێمە لە قۆناغە سەختەکانی کۆرۆنا و فشارە ئابوورییە ناوچەیی و جیهانییەکان، توانیمان لە مووچەدان و سەقامگیرکردنی باری ئابووریی هەرێم بەردەوام بین، لەمەولاش بە یارمەتيی خوای گەورە و پاڵپشتیی هاووڵاتییانمان لە خزمەتیان بەردەوام دەبین و گەشبینین بە باشتربوونی ڕەوشی هەرێم لە هەموو ڕوویەکەوە."
مەسرور بارزانی جەخت لەوەش دەكاتەوە: "نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم ڕێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە، نابێت مووچە و قووتی خەڵک تێکەڵ بە ململانێ و کێشە سیاسییەکان بکرێت، پێویستە داهاتی وڵات بۆ خزمەتی هاووڵاتییانمان بێت و دەبێت هەموو ئەو کەسانەی ئەو پڕۆسەیە پەک دەخەن، لە بەرامبەر خەڵک و یاسادا بەرپرسیار بن."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە