ئەمڕۆ ٤/٠٦/٢٠١٨"مەسرور بارزانی" ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە ژەنەڕاڵ " وۆڵتەر پایت " جێگری بەرپرسی ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و شاندی یاوەری.
لە دیدارەکەدا دوای پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسیەکانی عێراق و جموجۆڵەکانی ئەم دواییانەی تیرۆریستانی داعش لەناوچە رزگارکراوەکان بەگشتی و دەوروبەری کەرکووک بەتایبەتی تاوتوێکرا و گفتوگۆیان لە سەر قۆناغی داھاتووی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرد.
مەسرور بارزانی پەیوەست بەم قۆناغە ئاماژەی بە ڕەوشی پێشووی پارێزگاری کەرکووک دا و ڕایگەیاند، ئەو کاتەی کەرکووک و دەوروبەری لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە دابوو زۆر ئارام و پارێزراو بوو. پێویستە ھەرچی زووە بەپێی نەخشەرێگەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور دۆخی ئەو ناوچانە بێنە چارەسەرو دۆخی داگیرکاری کۆتایی پێبھێندرێت. ھەروەھا ئاماژەی بە گرینگی دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق دا.
ھەر لەو دیدارەدا ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دووپاتی لە پابەندبوونی ھەرێمی کوردستان لە بەردەوامیدان بەشەڕی دژی تیرۆریستان کردەوە.
لەلای خۆیەوە ژەنەڕاڵ وۆڵتەر پوختەیەکی سەبارەت بە پلانی ھێزی ھاوپەیمانان بۆ مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگە خستەڕوو و ھەردوولاش ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بەو گفتوگۆ و ڕاوێژکارییانەی کە لەبارەی پرسە گرینگەکانەوە جێگای بایەخی ھاوبەشن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە