مەسرور بارزانی: زیادبوونی بەشداریی ئافرەتان لە هەموو بوارەکان نیشانەی پێشکەوتنمانە

مەسرور بارزانی: زیادبوونی بەشداریی ئافرەتان لە هەموو بوارەکان نیشانەی پێشکەوتنمانە

پەیامی کورد... مەسرور بارزانی: زیادبوونی بەشداریی ئافرەتان لە هەموو بوارەکان نیشانەی پێشکەوتنمانە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئافرەتانی کورد بە بوێریی خۆیان ناوی کوردستانیان بەرز راگرتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 8-3-2022، بە چاودێری و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر رێوڕەسمی یادی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان لەژێر ناونیشانی (یەکسانی جێندەریی ئەمڕۆ، بۆ داهاتوویەکی بەردەوام)، بەڕێوە چوو.

مەسرور بارزانی لە وتارێکدا لە رێوڕەسمەکە رایگەیاند: کۆڵنەدانی ئافرەتانی کوردی ئێزدی بەرامبەر ئەو هەموو ستەمەی دەرحەقیان کرا، ورە بە هەمووان دەبەخشن.

دەقی وتاری مەسرور بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و مێهرەبان

بەڕیزان سپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم لێرە و خۆشحاڵم کە لێرە لەگەڵتانم.

پێش ئەوەی من دەست بە وتارەکەی خۆم بکەم حەزم دەکرد ئاماژە بە وتاری بەیان عوسمان بدەم و پێی بڵێم کە ئێمە جەند شانازیت پێوە دەکەین و شانازی بە شێرەژنی کوردستان دەکەین بە هەموو دایک و خوشک و کچی شەهیدانمان دەکەین و ئەو قوربانییەی ئێوە داوتانە ئێمە هەرچی بکەین ناتوانین قەرەبووتان بکەینەوە جگە لەوەی کە درێژەپێسەری ئەو ڕێگە پیرۆزە بێن و ئێمەش وەک کوڕە شەهیدەکانت گیانی خۆمان لەپێناو گەل و نیشتمانمان بەخر بکەین.

دەمەوێ ئاماژە بەوەش بدەم کە ئەو هەموو غەدر و زوڵم و ناحەقییەی دەرحەق بە خوشک و دایکانی ئێزدی کرا، دەبینی کە دیسان ئەوان بەردەوامن لە کار کرد و خزمەتکردن و نەک هەر ورەیان نەڕووخا، بەڵکوو ئەوان ورە بە ئێمەش دەبەخشن.

خۆشحاڵم کە دەبینم چەندین خانمی سەرکەوتوو لێرەن و هەندیكیان باسی چیرۆکی سەرکەوتنی خۆیانیان کرد و زۆریش لەوانەیە دەرفەت نەبووبێت بێن و باسی سەرکەوتنی کارەکانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام دڵنیا بن بە بەشداریی زیاتر و کاراتری ئافرەت لە کۆمەڵگەی ئێمە دەتوانین کوردستانێکی ئاوەدانترمان هەبێت.

سەرەتا بە بۆنەی 8ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم ئافرەتانی کوردستابن و جیهان دەکەم و دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی خانمان و گەشەپێدان و گشت ڕێکخراوانی ئەم بۆنەیە دەکەم کە تایبەتە بە ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان لەژێر ناونیشانی ''یەکسانی جێندەریی ئەمڕۆ، بۆ داهاتوویەکی بەردەوام''.

ئاشکرایە ئافرەتانی کوردستان لە درێژایی مێژووی گەلی کوردستان و لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەمیشە بەشدارییەکی کاریگەریان لە بوارە جیاکانی ژیان و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستاندا هەبووە، لە ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی گەلی کوردستاندا ئافرەتانی پێشمەرگە نموونەی ئازایەتی و گیانفیدایی و قوربانیدان بوون و لەڕووی وڵاتپارێزی و گیانبەختکردن و پارێزگاریکردن لە خاک و نیشتمان شان بە شانی برا پێشمەرگەکان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و بوێریی ئافرەتانی کورد، ناوی کوردستانیان بەرزتر کرد.

ئەمڕۆش ئافرەتانی لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی دیار و کارا لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا دەگێڕن و ئافرەتانی پۆلیس و ئەفسەرەکانی دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە ئاستی لێهاتوویی ڕۆڵی کاریگەری ئافرەت بسەلمێنن.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی ژنان و ئافرەتانی کوردستانیش لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا پێشکەوتنێکی بەرچاو و پەیام و ئاماژەیەکی ڕوونی کۆمەڵگەی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

بۆ زیاتر برەودان بە بنەماکانی یەکسانیی جێندەری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک لەدژی ئافرەتان، بۆ نموونە لە کابینەی نۆیەمدا ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان لە پلە باڵاکانی حکوومەت و سەرۆکایەتیکردنی زانکۆکان و بەشدارییان لە جومگەکانی تری حوکمڕانی و بوارە خزمەتگوازرییەکان و کەرتی تایبەتیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە