لە نامەیەکدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوای شەش مانگ لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هێشتا لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە دەسەڵاتی عەسكەری و ئەمنی ڕێگەنادات بارەگای حیزبە كوردستانیەكان بكرێنەوە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە نامەیەکدا بە ناونیشانی “كردنەوەی بارەگاكانی هێزە كوردستانییەكان هێشتا قەدەغەیە”، کە ئاراستەی فوئاد مەعسووم، حەیدەر عەبادی و سەلیم جبووری کراوە، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت “بەداخەوە لەدوای ڕووداوەكانی ١٦/ی ئۆكتۆبەرەوە، كە زیاتر لە (٦ مانگ)ە، لەكەركوك، خانەقین، شنگال، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی دیکەش هێشتا دەسەڵاتی عەسكەری و ئەمنی رێگەنادەن بارەگای حیزبە كوردستانییەكان، كە حیزبی رەسمی و یاسایین، بكرێنەوە”.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕاشیگەیاندووە “لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستووری لەسەر هێزە كوردستانییەكان هەیە. بەڵكو لە زۆر شار و شارۆچكەدا، ماڵی بەرپرس و كادرانی لایەنە كوردستانییەكانیش داگیركراون”.
یەکێتی هۆشداری دەدات سەبارەت بە بەردەوامبوونی ئەو ڕووداوانە دەدات و دەڵێت “بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا گومانێكی زیانبەخشی لای رای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووە و بەدووریشی نازانین، رووداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە”.
دەقی نامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی:
كردنەوەی بارەگاكانی هێزە كوردستانیەكان هێشتا قەدەغەیە!
– جەنابی سەرۆككۆماری عێراقی فیدراڵ!
– دەوڵەتمەداری بەرێزی عێراق!
-سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی بەڕێز!
لەكاتێكدا، وردەوردە ئومێدی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێ و هەنگاوی باشیش لەو پێناوەدا نراون. كەچی بەداخەوە، لەدوای روداوەكانی ١٦/ی ئۆكتۆبەرەوە، كە زیاتر لە (٦ مانگ)ە؛ لەكەركوك، خانەقین، شنگال، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی دیکەش، هێشتا دەسەڵاتی عەسكەری و ئەمنی رێگەنادەن بارەگای حیزبە كوردستانییەكان، كە حیزبی رەسمی و یاسایین، بكرێنەوە. تەنانەت لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستووری لەسەر هێزە كوردستانییەكان هەن. بەڵكو لە زۆر شار و شارۆچكەدا ماڵی بەرپرس و كادرانی لایەنە كوردستانیەكانیش، داگیركراوون.
بەڕێزینە!
ئاشكرایە لای جەنابتان، بەمشێوەیە سەپاندنی دەسەڵاتی عەسكەری و ئەمنی، پێچەوانەی دەستوور و رێسای پەیوەندیەكانمانە. بەردەوامبوونیش لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادی سیاسی لایەنەكان، لەو ناوچانەدا، گومانێكی زیانبەخشی لای ڕای گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووە و بەدووریشی نازانین، ڕووداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە.
بۆیە، داوامان لەبەرێزتان ئەوەیە بەزووترین كات، بڕیاری چارەسەری ئەم كێشە یاساییی و مافە سیاسیە بدەن.
لەگەڵ رێزی
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
٢٣/٤/٢٠١٨
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە