جێبەجێكردنی یاسای بودجەی 2018ی عیراق مەترسی لەسەر ناردنی 317 ملیار دینارەكەی بەغدا بۆ هەرێم دروستدەكات، پەرلەمانتارێكی پارتیش ڕایدەگەیەنێت، "ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت، ئەوە سەرۆك وەزیرانی عیراق بەردەوامدەبێت لەناردنی ئەو بڕە پارەیە".
نەجیبە نەجیب پەرلەمانتاری پارتی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیاند، "ئەگەر لەداهاتویەكی نزیكدا وەفدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكات و ئاراستەكان بەرەو چارەسەری كێشەكان و ڕێكەوتن بڕۆن، ئەوە دەتوانرێت هەمواری یاسای بودجەی 2018ی عیراق بكرێت و پشكی هەرێم لەپێناو چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەران زیادبكرێت".
ئاماژەی بەمەترسیەكانی ڕاگرتنی ئەو 317 ملیار دینارەش كرد كە لەبەغداوە بۆ هەرێم ڕەوانەدەكرێت، وتیشی: "ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت، ئەوە سەرۆك وەزیرانی عیراق بەردەوامدەبێت لەناردنی ئەو 317 ملیار دینارە".
ئەوەشی ڕونكردەوە، "پێدەچێت پێش هەڵبژاردن ئەو ئیرادە سیاسییە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە هەبێت، بەڵام دوای هەڵبژاردن مەترسی گۆڕانكاری لەدەسەڵات هەیە كە ئایا كێ دەبێت بەسەرۆك وەزیرانی داهاتوی عیراق و بەچی شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە