پەیامی کورد ... پزیشکێکی عێراقی کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە سەردەمی سەدام حوسێن، مافی پەنابەری لە بەریتانیا وەرگرت.
میدیای بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەو پزیشکە تەمەنی 54 ساڵە، بەڵام ناوی نەهێندراوە، تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی چارەسەری ئەو زیندانیانەی کردووە کە ئەشکەنجە دراون تاوەکو زیاتر بژین و ئازاری زیاتر بچێژن.
ئەو پزیشکە لەبەردەم دوو بژاردە بووە، یان چارەسەرکردنی زیندانیانی ئەشکەنجەدراو تاوەکو زیاتر بەرگری ئەشکەنجەدان بگرن، یاخود وازهێنان لێیان کە رەنگبێت بەهۆی برینەکانیان گیانیان لەدەستبدایە.
لەگەڵ ئەوەی سەرەتا داوای مافی پەنابەری ئەو پزیشکە رەتکراوەتەوە بەهۆی کارکردنی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری سەربازی سەر بە سەدام حوسێن، بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بڕیاریداوە هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت ئەو کەسە ئەشکەنجەی زیندانیانی داوە، یاخود بەشداربووە لە ئەشکەنجەدانیان.
ئەو پزیشکە لە ساڵی 1995 عێراقی بەرەو لیبیا بەجێهیشتووە، لە 2000 چووەتە بەریتانیا و دواتر لەساڵی 2007 داوای مافی پەنابەری کردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە