پەیامی کورد … وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: لەعیراق ناكشێینەوە
وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ئەمریكا سەرپەرشتی دەكات، دەڵێت لە عیراق ناكشێنەوە.
كول هاربر وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلجەزیرە رایگەیاندوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق ناكشێتەوە، بەڵكو تەنها رۆڵی خۆی دەگۆڕێت لەهێزێكی شەڕكەرەوە بۆ راوێژكاریی وەك ئەوەی حكومەتی بەغدا پێشتر رایگەیاندوە، مانەوی هێزەكانیش بەو ناونیشانە لەسەر داواكاری حكومەتی عیراق بوە بۆ هاوكاریكردن و لەناوبردنی پاشماوەكانی چەكدارانی داعش.
وتەبێژەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەوەشی وتوە، هاوپەیمانێتیەكەیان هیچ بنكەیەكی سەربازیی لەعیراق نییە، بەڵكو لەسێ دامەزراوەی عیراق خۆی كۆكردۆتەوە ئەوانیش عەین ئەسەد لە ئەنبارو هەولێر لە هەرێمی كوردستان و ناوەندی یەكەمی پرۆسەی هاوبەش لە بەغدایە.
هاربر لەبەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەیدا دەشڵێت: هەندێك لەو هێرشانەی دەكرێنە سەر دامەزراوەكان كە هێزەكانیانی لێیە هۆكاری هەڕەشەو زیانگەیاندنن بە عیراقییەكان، چونكە ئەو دامەزراوانە عیراقین، مانەوەشیان تەنها بۆ راوێژكارییە بەسوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە تاكو پارێزگاری لەخۆیان بكەن و داعش تێكبشكێنن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە