من وەزیری دارائیم دەبێ هەندێک شت ڕوون ببێتەوە   ، ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سیاسییە

من وەزیری دارائیم دەبێ هەندێک شت ڕوون ببێتەوە   ، ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سیاسییە

پەیامی کورد     ...   من وەزیری دارائیم دەبێ هەندێک شت ڕوون ببێتەوە   ، ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سیاسییە 

فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق بڕی ئەو پارەیە ئاشكرا دەكات كە لەبوودجەی ٢٠١٩ ی بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە و دەشڵێت،"ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سیاسییە"

د.فوئاد حسێن ، وەزیری دارایی عێراق لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی شەرقییە رایگەیاند : لەراستیدا بڕیارەكەی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێكی سیاسییە، ئەوە پێشێلكاریی یاساییە، به‌ هه‌ڵه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ نووسراوه‌كه‌ كراوه‌. ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی بڕینی مووچەیان نییە.بەبڕوای وەزیری دارایی بڕیاری راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیارێكی سیاسییە و دەڵێت،"لەئێستادا حاڵەتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق هەیە، هەروەها قەیرانی كۆرۆنا لە ناوخۆ و دەرەوە كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی داهاتی نێودەوڵەتی و ناوخۆی عێراقیش هەبوە. بڕیاری راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی سیاسییە و پەیوەندی هەیە بە پشتیوانیكردنی كورد لە كابینەكەی موستەفا كازمی."

وەزیری دارایی عێراق راشیگەیاند،"وەزارەتی دارایی پشكی كوردە، هەرچەندە وەزیری دارایی دواجار پەیوەستە بە یاساوە، لەدەرەوەی یاسا و رێنماییە داراییەكان جمووجۆڵ ناكات، پابەندە بە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، پابەندە بە چاودێریكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، هەندێك وابیردەكەنەوە كە وەزارەتی دارایی یاخود نەوت ئەگەر بەدەست كوردەوە بێت مەترسی لەسەرە"

فوئاد حسێن وتیشی،"بەپێی ماددەی ١٠ی بڕگەی ج لە یاسای بوودجەی عێراق، مافی هەرێمی كوردستان و ئەركەكانی دیارییكراوە كە دەبێت هەرێمی كوردستان ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكوومەتی ئیتیحادی بكات، ئەگەر پابەند نەبوو ئەوا پشكی هەرێم و شایستە داراییەكانی نادرێت، بەڵام ئاماژە بەوەنەكراوە كە سزای گەلەكەی بدرێت"راشیگەیاندوە، پشكی هەرێم لە بوودجەی ٢٠١٩ دیارییكراوە كە بۆ خەرجی تەرخانكراو و وەبەرهێنان ١٠ ترلیۆن و ٥٩٩ ملیار دینارە، ئەمە جگە لە شایستەی دیكەی هەرێم كە بەهەمووی سەرو ١٢ ترلیۆن دینارە.

ئاماژەی بەوەشكردوە، ئێمە لە ٢٠١٩ دا بڕی پێنج ترلیۆن و ٤٤٨ ملیار دینارمان بۆ هەرێمی كوردستان ناردوە، كە بۆ مووچەی فەرمانبەران ناردوومانە.

فوئاد حسێن وتیشی،"ئەو نوسراوەی ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، پشت ئەستورە به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیران، كاتێك نووسراوه‌كه‌ش پشت به‌ فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌به‌ستێت، ‌ ئه‌مه‌ شتێكی دیكه‌یه‌ و جیاوازه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیر زیاتره‌. من له‌ باره‌ی نووسراوه‌كه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران كرد، به‌ ده‌ق پێم وت، كاتێك ره‌شنووسی نووسراوه‌كه‌م به‌ده‌ست گه‌یشت له‌سه‌رم نووسیوه‌ پابه‌ندبوون به‌ یاسای بوودجه‌ و یاسای ئیداره‌ی دارایی. به‌ڵام برایان له‌ شرۆڤه‌كارانی یاسا له‌ ئه‌میندارێتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ خوێندنه‌وه‌ و ته‌فسیریان بۆ نووسراوه‌كه‌ كردوه"

وەزیری دارایی عێراق كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتوە دەشڵێت،"ده‌بێت بگه‌ین به‌ رێككه‌وتنێك ئه‌مه‌ ناكرێت، چوونكه‌ من وه‌زیری داراییم ده‌بێت ڕوونبكرێته‌وه‌ و بزانم هه‌موان پابه‌ندن به‌ یاسای بوودجه‌ی ساڵی 2019‌، سه‌رۆك وه‌زیران و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و كه‌سانی دیكه‌ش هیچ كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا نه‌بوه‌."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە