ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لە هەندێک بانگەشەی نێو گۆڕان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و بە کارێکی باشی نازانێت.
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی ڕایگەیاند: "پیاو ئەگەر تۆزێ ویژدانی ھەبێ، ئەوا دەبێ عەقڵ بەکار بھێنێت، ئێمە دەبێ ھەوڵ بدەین ئەم قۆناغە تێپەڕێنین، چونکە ھی ئەوە نییە چەک بەرامبەر یەک ھەڵبگرین، لە ھەڵبژاردنی پێشوودا ئێمە سێیەم بووین و قەبووڵیشمان کرد، ئەگەر چوارەم و پێنجەمیش بین، ئەوا قبووڵی دەکەین، لەبەر ئەوەی دەنگی میللەتە و چی دەبێ؟، سەرەنجام کوڕی فەقیر و ھەژار و فەقیر تووشی گرفت دەبێت".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕوونیشی کردەوە: "ھەمووان لە پەرلەماندا شەڕی یەکترمان مەحکووم کرد و بەتاوانمان ناساند، ئێستاش کە ھەموو لایەنەکان ناڕازین، ئەوەش شتێکی یاسایی و ئاسایی خۆیانە، بۆیە ئەو لێژنەی کۆمیسیۆن کە لە بەغداوە ھاتوون و حەز دەکەن با سندووقەکان بکەنەوە یان دای بخەن، ئەوە ئەرز و ئەوەش گەز".
مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو جووڵانەوە نائاساییەش کە دەبینرێ، ئەبێ خۆیان بیر لەوە بکەنەوە، کە منداڵی خەڵک تووشی ئەزیەت نەبێت، چونکە بینیشمان پێنج بۆ شەش کەس لە ١٧ی شوبات خوێن لە لووتیان ھات، ئێمەش ھەموومان پێی کاریگەر بووین".
بە بڕوای مستەفا چاوڕەش، پێویستە کورد ھەموو ھێزی خۆی کۆ بکاتەوە، بۆ ئەوەی بە لیستێکی باش بچنە بەغدا. دەشڵێت: ”ئەمە بۆ ئەوانەی چاویان بە ئازادیی کوردستان ھەڵنایە، کەرکووکیان داگیر کردووە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە