ژنە بەندكراوێكی سیاسیی كورد لە بەندیخانەی ئورمێ لێوەكانی دوورییەوە

ژنە بەندكراوێكی سیاسیی كورد لە بەندیخانەی ئورمێ لێوەكانی دوورییەوە


پەیامی کورد... ژنە بەندكراوێكی سیاسیی كورد لە بەندیخانەی ئورمێ لێوەكانی دوورییەوە

سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، بە هۆی ناڕەزایەتی لەسەر بارودۆخی خۆی لە بەندیخانە بە دوورینەوەی لێوەکانی، مانی لە خواردن گرت. ناوبراو سەرەڕای تێپەڕاندنی ٣ ساڵ لە سزای ٥ ساڵ بەندکردن، هێشتا مافی ئازادیی بەمەرجی پێنەدراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە: سوهەیلا محەممەدی، ژنە بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و خەڵکی شاری سەڵماس، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر بارودۆخی خۆی و گرفتخولقاندن و کێشەنانەوەی بەرپرسانی ئەو بەندیخانە بۆ ناوبراو، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت.

ئاماژەی بەوەشداوە، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە سیاسییە لەم دوایییانەدا جارێکی تر داوای ئازادیی کاتی و مەرجداری کردووە و ئەم داخوازییە لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕەت کراوەتەوە. پاش ڕەوتکردنەوەی داخوازییەکەی، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتووە.

هەروەها دەشڵێت: تەنانەت داواکاریی ناوبراوی بۆ چاوپێکەوتن و سەردانی داواکاری گشتیی ئورمیە ڕەت کردووەتەوە و ڕیگریی لێ دەکرێت".

ئەو بەندکراوە سیاسییە دایکی منداڵێکە و لە مانگی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ بەهۆی گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان و ڕێگریکردن لە ئازادیی کاتیی ناوبراو و هەرەوەها بێبەریکردنی لە لێبوردنی گشتی، بە لێدانی چەند چەقۆیەک لە سینگی خۆی هەوڵی خۆکوشتنی دا کە لەلایەن هاوبەندییەکانییەوە ڕزگار کرا.

سوهەیلا محەممەدی چالاكوانی مەدەنی و ژینگەپارێز، لە پاییزی ساڵی ٢٧٢٠ لە شاری سەڵماس لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە و لێپێچینەوە، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە. ناوبراو بە تۆمەتی ئەندامەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە