نابێت له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقدا ده‌ست بۆ مافه‌كانی كورد ببرێت

نابێت له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقدا ده‌ست بۆ مافه‌كانی كورد ببرێت

پەیامی کورد    ...   کۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی هات و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیارێكی هاوبه‌شیان دا له‌باره‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌مواركردن و گۆڕینی ده‌ستووری عێراق و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5/11/2019 به‌ سه‌رپه‌رشتی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان و مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر کۆبوونه‌وه.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخی ئێستای عێراق به‌گشتی و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقی فیدرال خرایه‌ به‌ر باس. له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ كۆك بوون له‌سه‌ر به‌وردی چاودێریكردنی به‌رژوه‌ندییه‌كانی گه‌لانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تی دووپاتیان کرده‌وه‌ که‌ زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی هه‌ن به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستووره‌وه‌ دروست بوون، بۆیه‌ هه‌مووان كۆك بوون که‌ هه‌ر هه‌موارێکی ده‌ستوور ده‌بێت مافه‌ ده‌ستووری و یاسایی و ئیدارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پێکهاته‌کانی عێراقی تیایدا پارێزراو بێت.

كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دۆخ و پێشهاته‌کانه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدا ده‌بن و به‌ شێوه‌یه‌کی ده‌وری کۆده‌بنه‌وه.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە