بزووتنەوەی گۆڕان ئەوە ڕادەگەینێت کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا، دەبێتە پێنجەم حزبی کوردستان و دەنگەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات.
ئەمیر حاجی کەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ڕایگەیاند: ”ئەو قسانەی مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی یەکێتیی نیشتمانی کە باسی ئەوە دەکات لە ھەڵبژاردنەکانیش یەک کورسیش بەدەست بھێنن ئەوا دەسەڵات بەجێ ناھێڵن، دوورە لە دیموکراسیەت و دونیای پێشکەوتوو“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە چەند ھۆکارێک بۆ ئەو قسانەی مەلا بەختیار ھەیە و گوتی: ”لەم هۆکارانە، دۆڕان، کەم بوونەوەی دەنگەکانیان، شکست و لەدەستدانی سەرکردایەتیکردنی جەماوەرە شۆڕشگێڕییەکەی یەکێتییە، کە ئەمڕۆ پێی تەحەموول ناکرێ، بۆیە دەڵێ بە کورسییەکەیشەوە دەسەڵاتی دیکتاتۆری خۆمان دەسەپێنین“.
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا جەماوەری یەکێتی باوەڕی بەو سەرکردایەتییەی ”نەماوە و ئەمەش ھۆکاری تەنگاوبوونیانە“. دووپاتیشی کردەوە: ”سەردەمانێک نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی جیابووەوە، ئەوان گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت، کورسییەک دوو کورسی بەدەست دێنێت، ئێستاش بەرھەم ساڵح ڕۆیشتووە و لە یەکێتی جیابووەتەوە، ئەوان بەرھەم ساڵحیان پێ هەرس نەکرا و دەڵێن دوو کورسی دێنێت“. ڕەتیشی دەکاتەوە کە بەرگری لە دکتۆر بەرهەم بکات، بەڵام ”ڕۆژانی داھاتوو دەبینین چی دەگوزەرێ و چ دەقەومێ“.
ئەمیر حاجی کەمال ئەوەشی ئاشکرا کرد، بابەتەکە ئەوەیە کە ”یەکێتی کەوتووەتە دۆڵێک و جەماوەرەکەشی کەوتووەتە دۆڵێکی دیکە“. ڕوونیشی کردەوە: ”واتە جەماوەرەکەی شتێکی دەوێ و سەرکردایەتییەکەی شتێکی دیکە دەکات، چونکە جەماوەرەکەی دەیەوێت یەکێتی شەفاف بێ و نەبێتە ھۆی تێکدانی پەرلەمان، حکوومەت و پەیوەندییەکان، ھەروەھا نەبێتە ھۆی ڕادەستکردنی کەرکووک و دەیان شتی دیکەی سەیرو سەمەرە.
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ئەوەی نەشاردەوە کە ئەوان وەک گۆڕان پێیان وایە: ”یەکێتی دەبێتە پێنجەم حزب، چوونکە جاران سێییەم حزبی کوردستان بوو، ئەم جارەش دوو ژمارە دەکشێتەوە، چوونکە لە ماوەی دوو ساڵدا دوو جیابوونەوەی تیا ڕووبدات، ئەوا ئەنجامەکەی دڵخۆشکەر نابێت“.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە