پەیامی کورد... ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 14/11/2022 دوای ئەوەی بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە و سلێمانی (زڕگوێز) بە درۆن و مووشەک لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆردومان کران و شەهید و برینداری لێ کەوتەوە، ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە
لە ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێراندا هاتووە: ''سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٢٣ی خەزەڵوەری 1401 بنكە و بارەگاكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە ناوچەی سلێمانی كەوتنە بەر هێرشی مووشەكی و دڕۆنەكانی كۆماری ئیسلامی.''
ئاماژە بەوەش دراوە کە لەم هێرشەدا سەرەڕای زیانە ماددییەكان دوو كەس لە هاوڕێیان شەهید بوون و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.
ڕوونیش کراوەتەوە: ''ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران سەرەڕای مەحكوومكردنی ئەو هێرشە دڕەندانەیە داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكات بەرانبەر بەم تاوانەی كۆماری ئیسلامی و بۆردومانی بنكە و بارەگاكانی حیزبەكان كە ژمارەیەكی بەرچاو خێزان و ژن و منداڵیان تێدا دەژی، بێدەنگ نەبن.''
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە