نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

پەیامی کورد     ...    نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2/6/2020  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ ماتیو توله‌ر باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى عێراق و پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤیرووسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانى، هه‌ڕه‌شه‌ و جموجووڵى داعش، ده‌ستبه‌ركاربوونى سه‌رۆك وه‌زیران موسته‌فا كازمى و هه‌وڵه‌كان بۆ ته‌واوكردنى كابینه‌كه‌ى و دیالۆگى ستراتیژیى عێراق و ئه‌مریكا كه‌ ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ دچێت، تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پشتیوانی هه‌رێمى كوردستانى بۆ حكوومه‌تى كازمى دووپات كرده‌وه‌ و هیواى خواست پێكهاته‌ى كابینه‌كه‌ى ته‌واو بكرێت تاكوو حكوومه‌ت بتوانێت هه‌نگاو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دییه‌كان و دۆخى ئابوورى، سیاسى، ئه‌منى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا بنێت.

هه‌ردوولا له‌سه‌ر گرینگی دیالۆگى ستراتیژیى عێراق و ئه‌مریكا كۆك بوون كه‌ ده‌بێته‌ چارچێوه‌یه‌ك بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و ئه‌مریكا، بۆ ئه‌مه‌ مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ عێراق به‌رژه‌وه‌ندى و ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانى خۆى ده‌ستنیشان بكات، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ هاوكاریى ئه‌مه‌ریكا بۆ پشتگیریى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌ و پێویستیى به‌رده‌وامیى پشتگیریى هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تى له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا، كرایه‌وه‌.

دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرینگی هاوكاریى لایه‌نه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌ و ڕۆڵى سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌، هاندانى وه‌به‌رهێنان و كه‌رتى تایبه‌ت له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێز ستیڤ فه‌یگن كونسولى گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوو.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە