نێچیرڤان بارزانی سەرۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسولى گشتی به‌ریتانیا كرد

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسولى گشتی به‌ریتانیا كرد

پەیامی کورد     ...    نێچیرڤان بارزانی سەرۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسولى گشتی به‌ریتانیا كرد .

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2/6/2020  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ جەیمس سۆرنتن، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا له‌ هه‌ولێر كرد.

له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌كان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى په‌تاى ڤیرووسى كۆرۆنا و ڕێكاره‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و كاریگه‌رى و لێكه‌وته‌‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانى، به‌تایبه‌تى له‌سه‌ر دۆخى ئابوورى، تاوتوێ كران. سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه‌ دۆخى وڵات ده‌خوازێت كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵ چاره‌سه‌ر بكرێن و هیواى خواست له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى موسته‌فا كازمى له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور بگه‌نه‌ چاره‌سه‌ر.

به‌هێزبوونه‌وه‌ و هێرشه‌كانى تیرۆرستانى داعش ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا جه‌خت له‌ پێویستیى بوونى میكانێزمێكى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م مه‌ترسییه‌ جدییه‌ له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵدا كرایه‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ كونسولى گشتی به‌ریتانیا له هه‌ولێر خواستى شانشینى یه‌كگرتووى بۆ پاراستن و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و هیواى خواست كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كان بتوانن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى به‌ده‌ست بهێنن و له‌ ژێرخان و بواره‌ جیاكانى دیكه‌دا كار و هاوبه‌شى بكه‌ن.

به‌رنامه‌ى كارى حكوومه‌تى عێراق و جه‌ختكردنه‌وه‌ى هه‌ردوولا‌ له‌ پشتگیرى بۆ سه‌رۆك وه‌زیران كازمى، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، به‌رده‌وامیى پرۆسه‌ى چاكسازى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە