چەند هاووڵاتییەکی کورد لە مەخموور بە دەستی چەکدارانی داعش دەڕفێندرێن

چەند هاووڵاتییەکی کورد لە مەخموور بە دەستی چەکدارانی داعش دەڕفێندرێن

پەیامی کورد  ...    ژمارەیەک ھاووڵاتی قەزای مەخموور لە چیای قەرەچۆغ دەکەونە دەست چەکدارانی داعش و بەرپرسێکی پارتییش ڕایدەگەێنێت یەکێک لەو ھاووڵاتییانە ئاسایشی یەکیتییە و لە لایەن داعشەوە ڕفێندراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ئەو سنوورە، چوونکە داعش دەستی بەسەردا گرتووە.

کرمانج عەبدوڵلا، بەرپرسی لقی قەرەچۆغی پارتی ڕایگەیاند: "دوێنێ ژمارەیەک ھاووڵاتی سەنتەری قەزای مەخموور بە مەبەستی هەڵکەندنی دۆمبەڵان چوونەتە چیای قەرەچۆغی نزیک شارۆچکەی مەخموور و دواتر کەوتوونەتە بۆسەی چەکدارانی داعشەوە. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، چەکدارانی داعش داوای ناسنامەیان لەو ھاووڵاتییانە کردووە و دواتر دەرکەوتووە یەکێک لە ھاووڵاتییانی کورد پێناسی ئاسایشی یەکیتیی پێ بووە و لە لایەن داعشەوە دەستگیر کراوە و چارەنووسی دیار نییە."

بەرپرسی لقی قەرەچۆغی پارتی دەشڵێت: "چەکدارنی داعش لە چیای قەرەچۆغ و دەوروبەری قەزای مەخموور بەردەوام ھاتۆچوو دەکەن و ئەو سنوورە پڕیەتی لە چەکدارانی داعش، پێشتر ھەر لەو سنوورە کردەوەی تیرۆریستییان بەڕێوە بردووە."

عەبدوڵلا ڕوونی کردەوە: "ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی ئەو سنوورە لە لایەن پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە بەڕێوە ببرێت، چوونکە ئیستا عێراقیش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی بەبێ ھەبوونی ھێزی پێشمەرگە ناوچەکە سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێ، ھەوڵەکان نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق لە دانووستاندان."

کرمانج عەبدوڵلا دەڵێت: "پێشتر یەک ھەزار و ٣٥٠ کیلۆمەتری چوارگوشە لە لایەن پێشمەرگەوە پارێزگاریی لێ دەکرا، بەڵام دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر داعش گەڕاوەتەوە ناوچە کوردستانییەکان و ٥٠٠ کیلۆمەتری چوارگوشە لەژێر دەستی داعشدایە."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە