پەیامی کورد... ئۆکراینا: ڕووسیا لە ناوچەی لوهانسک ٦٠ هاووڵاتی سڤیلی کۆمەڵکوژ کرد
لە ناوچەی لوهانسک لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ٩٠ کەس لە ترسی بۆردوومانکردن پەنایان بۆ باڵەخانەی قوتابخانەیەک بردووە، بەڵام لەلایەن سوپای ڕووسیاوە بۆردوومان کران و تەنیا ٣٠ کەسیان لەژێر دار و بەردی ڕووخاوی باڵەخانەکە ڕزگار کران و ئەوانەی دیکە کۆمەڵکوژ کران.
بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان و لە زاری بەرپرسانی ئۆکرایناوە، لە ئێستادا ئۆکراینییەکان چاویان لەسەر چارەنووسی ئەو ٦٠ کەسەیە، کە بە مووشەکی ڕووسی کرانە ئامانج و کەوتنە ژێر باڵەخانەی قوتابخانەیەک، ئەوان لەوێ لە ترسی بۆردوومانەکانی سوپای ڕووسیا خۆیان حەشار دابوو.
هاوکات لای خۆیەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆبوونەوەی "G٧" ڕایگەیاند، "لە گوندی بیلۆگۆریڤا لە ناوچەی لوهانسک بە بۆمبێکی ڕووسیا ٦٠ هاووڵاتی سڤیل کرانە ئامانج".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو خەڵکە لە ترسی مووشەکبارانکردنی سوپای ڕووسیان خۆیان لە قوتابخانەیەک حەشار دابوو بەڵام ڕووسیا هەموویانی کۆمەڵکوژ کردووە."
لە لایەکی دیکەوە، سێرگی گایدای، سەرۆکی شارەوانی ئەو ناوچەیە ئاشکرای کرد، تا ئێستا ناوچەکەیان ڕووبەڕووی مووشەکبارانکردن دەبێتەوە، بۆیە ڕزگارکردنی قوربانییەکان ئەستەم بووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە