حكوومەتی عێراق رەزامەندی نیشاندا بە كردنەوەی دەروازەی سنووریی سازان لە هەڵەبجە

حكوومەتی عێراق رەزامەندی نیشاندا بە كردنەوەی دەروازەی سنووریی سازان لە هەڵەبجە

پەیامی کورد... حكوومەتی عێراق رەزامەندی نیشاندا بە كردنەوەی دەروازەی سنووریی سازان لە هەڵەبجە


سەرۆكوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر كردنەوەی دەروازەی سنووریی سازان لە پارێزگای هەڵەبجە.

بەپێی نوسراوێك دوێنێ یەكشەممە لەلایەن فەرماندەیی پاسەوانی سنوور ناوچەی یەك بە ژمارە ١٦٠٧ دەرچووە، ئاماژە بەوەكراوە كە سەرۆكوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی رەزامەندی نیشاندراوە بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووریی سازان لە نێوان پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای كرماشان لە وڵاتی ئێران.

ئەوەشخراوەتەڕوو كە دەروازەكە سەرچاوەیەكی سەرەكییە بۆ جووڵەی بازرگانی لە پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ ئێران، هەروەها رەخساندنی چەندین هەلیكار بۆ خەڵكی ناوچەكە و، هاوكات دەبێتە مایەی باشتركردنی پارێزگای هەڵەبجە لە رووی ئابوورییەوە.

مەرزی سازان پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای كرماشان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و، پێشتریش لە ١٠ی ئابی ٢٠١٩ وڵاتی ئێران رەزامەندی دەربڕیبوو لەسەر كردنەوە دەروازە سنوورییەكە بەڵام بەهۆی تەواونەكردنی پردێك لە هەڵەبجەوە بۆ مەرزەكە، كارەكان دواكەوت و ئەمڕۆش عێراق بە فەرمیی رەزامەندی بۆ كردنەوەی دەروازەكە نیشانداوە.

دەروازەی سنووریی سازان دەبێتە هەشتەم دەروازەی سنووریی نێوان هەرێمی كوردستان - عێراق و ئێران كە ئەوانیش بریتیین دەروازەكانی حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان، كێلێ، سەیرانبەند، پشتە و شووشمێ.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە