پەیامی کورد... وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی کوێت کۆبووەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە بەغدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کوێت، سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح کۆبووەوە.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە، دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەش بۆ وەزیرانی دەرەوەی عێراق و کوێت ساز کراوە.
فوئاد حوسێن ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح خستەڕوو و رایگەیاند کە لە کۆبوونەکەدا، بە دووقۆڵیی باسیان لە پەرەپێدان بە پەیوەنییەکانی نێوان عێراق و کوێت، ھەروەھا ئاسانکاری بۆ سەردانەکانی نێوان ھەردوو وڵات کردووە.
وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند کە گفتوگۆیان کردووە لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و ئاماژەی بەوە دا کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوکەدا، دۆسیەی دەستنیشانکردنی سنوور و بەردوامیدان بە کۆبوونەوەکانی لیژنە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەبارەی دۆسیەکە تاوتوێ کردووە و جەختیان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە پرسی سنوور لەنێوان عێراق و کوێت کۆتایی پێ بھێندرێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەشدا کە دۆسیەی نەوت و کێڵگە ھاوبەشەکان، بەشێک بووە لە گفتوگۆکانیان و رایگەیاند کە ئەنجامدانی گفتوگۆ تاکەڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
فوئاد حوسێن روونیشی کردەوە کە عێراق و کوێت خۆشحاڵن بە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان سعوودیە و ئێران و جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی کاری ھاوبەش لە بواری ئەمنییدا بۆ پاراستنی ناوچەکە.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی کوێت، سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک پرسیان لەسەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی تاوتوێ کردووە کە رەنگدانەوەیان لەسەر ئاسایشی کوێت و عێراق ھەیە.
سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح بە پێویستی زانی کار بکرێت بۆ کۆتایی ھێنان بە دۆسیەی دەست نیشان کردن سنووریی دەریایی و ووتی: " لەوبارەیەوە لەگەڵ عێراقدا ھاوڕایان".
باسی لەوەشکرد بڕیاریانداوە، بەم نزیکانە پاشکۆی بازرگانیی لە کۆنسولخانەی کوێت لە بەسرە بکەنەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە